لەسەر سوتانی بارەگای پارتی، مەسرور بارزانی پەیوەندی بەكازمییەوە دەكات


وێستگە نیوز-
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر سوتانی بارەگای پارتی لەشاری بەغدا پەیوەندی بەمستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووە و داوای لێكۆڵینەوەی لێكردووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر سوتانی بارەگای پارتی لەشاری بەغدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "بە توندی هێرشی ئەمڕۆی تاقمێكی لە یاسادەرچوو بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان و سووتاندن و بێ ڕێزی كردن بەرامبەر ئاڵای كوردستان لە بەغدا ، ڕیسوا و شەرمەزار دەكەم". 

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "بێڕێزی كردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبولی كوردستان و سووتاندنی و هەڵكوتانە سەر بارەگای حیزبێك، كە زۆرترین قوربانی لە پێناو ڕووخانی رژێمی دیكتاتۆری لە عێراق و دابینكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان داوە، هێرشێكی ئاشكرایە بۆ سەر بەهاكانی دیموكراسی و بەیەكەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی كۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا". 

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونیكردۆتەوە "لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی، گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە كرد و داوام لێكرد كە دەزگا پەیوەندیدارەكان، دەستبەجێ لێكۆڵینەوە بكەن و ڕێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر". 




PM:04:03:17/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت