یەكەم هێزی ئۆپۆزسیۆن دژی سوتانی بارەگای پارتی هاتە دەنگ

‌خەلیل ئیبراهیم


وێستگە نیوز-
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك یەكەم هێزی ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی كوردستان دژی سووتانی بارەگای پارتی لەشاری بەغدا رایدەگەیەنێت، سوتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتە سیاسییەكان لە هەر پارێزگا و ناوچەیەكی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، دیاردەیەكی ناشارستانییە و دژە بە پرنسیپەكانی دیموكراسیەت و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و  سیاسی.

خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، سوتاندنی  ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتە سیاسییەكان، لە هەر پارێزگا و ناوچەیەكی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، دیاردەیەكی ناشارستانییە و دژە بە پرنسیپەكانی دیموكراسیەت و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و  سیاسی، هاوكات  سوتاندنی ئاڵای هەرێمێكی دەستووری كە هێمای گەلێكی پڕ قوربانییە، بۆ كۆتایی هێنان بە ستەمی دیكتاتۆریەت و بونیاتنانی عێراقێكی پێشكەوتووی دیموكراسی، مایەی نیگەرانی قووڵ و بریندار كردنی هەستی نیشتیمانیی گەلی كوردستانە.

خەلیل ئیبراهیم ئاماژەی بەوەكردووە، عێراق لەم دۆخەدا كە پێویستی ژیانی بەحیواری نیشتیمانی  و لێك تێگەیشتنی  سیاسی قووڵ و سەپاندنی  ئیرادەی دەوڵەت هەیە، ئەم جۆرە ڕووداوانە هەوڵەكانی چارەسەركردنی قەیرانەكان لەبار دەبات.

یەكگرتووی ئیسلامی وێڕای ئیدانە كردن، داوای هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكەن و بەپێویستی دەزانن دەوڵەت، هەیبەتی یاسا، بەسەر كۆی روداوەكاندا بسەپێنێت.
 
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەهەرێمی كوردستان هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە و خاوەنی پێنج كورسییە لەپەرلەمانی كوردستان، ئەوەش لەكاتێكدایە مانگی رابردوو پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی حكومەتی خۆجێیی شاری دهۆكی لەگەڵ یەكگرتوو هەڵوەشاندەوە بەهۆی واژووكردنی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بۆ پرساندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بەلێبڕینی مووچە.




PM:02:51:17/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 9204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت