وتارێك له‌واشنتۆن پۆست: عیراق له‌ لێواری‌ ته‌قینه‌وه‌دایه

‌دیمەنێک لە ناڕەزاییەکانی عیراق.. فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ واشنتۆن پۆست بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ دیڤید ئگناتیۆس-ی‌ نوسه‌ری‌ ناسراوی‌ ئه‌مریكا نوسیویه‌تی‌ عیراق ئه‌و شوێنه‌یه‌ له‌چه‌ند هه‌فته‌ی‌ ئاینده‌ ده‌كه‌وێته‌ لێواری‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ململانێكانی‌ نێوان ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌.


دیڤد ئیگاناتیۆس، له‌ وتارێكدا سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه‌ی‌ پشت راستكرده‌وه‌ كه‌ ده‌وترا مایك بۆمپیۆ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا ته‌له‌فونی‌ بۆ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق و سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌ پێراگه‌یاندوون ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عیراق نه‌توانێت به‌ر له‌ هێرشی‌ میلشیاكان بگرێت بۆ سه‌ر باڵیوزخانه‌و شانده‌ دیبلۆماسییه‌كان ئه‌وا باڵیۆزخانه‌ی‌ خۆی‌ له‌به‌غدا داده‌خات.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌ دوای‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ كازمی‌ بیكات و فشار بكات بۆ په‌ڕو باڵكردنی‌ میلشیاكان له‌ نێویاندا حه‌شدی‌ شه‌عبی‌.

نوسەر لە وتارەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، کازمی دەیەوێت پەڕوباڵی ئەو گروپە شیعانە بکات کە بە نوێنەرایەتی ئێران لەناو عیراقدا کاردەکەن، بەڵام نایەوێت ئەم کارە لەسەر حسابی خۆکوژی سیاسی خۆی ئەنجام بدات".

لەبەشێکی تری وتارەکەیدا نوسیویەتی: "ئەوەی پومپیۆ وتویەتی لەبارەی ئەوەی ئەمریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە عیراق دادەخات، لە رووی پروپاگەندەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئێران، بەڵام داخستنی باڵیۆزخانە دەبێت بە سەرەتایەک بۆ ئەوەی ئەمریکا هەڵمەتێکی چڕی هێرشی ئاسمانی بۆسەر میلیشیا شیعەکان لە عیراق دەستپێبکات.

"عێراق ئەو شوێنەیە کە دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێرانی تێدا بتەقیتەوەو ئەمە ببێت بە سوپرایزی مانگی ئۆکتۆبەری بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئێران خۆی دەپارێزێت لەوەی لەم وەرزی بانگەشەی هەڵبژاردنەدا بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئیدارەی ترەمپ ئیستیفزاز بکات، بۆیە بەباشی دەزانێت لە گۆڕەپانی عیراقدا شەڕەکە بکات، گۆڕەپانێک کە دواتری دەتوانێت نکوڵی لێ بکات".

نووسەر باسی لەوەکردووە، "رووبەڕووبونەوەی ئەمریکاو ئێران لە عیراق لە هەموو رویەکەوە مەترسیدارە، ئەگەر هاوڵاتیانی ئەمریکی لە هێرشی میلیشیاکانی سەربە ئێراندا بکوژرێن، پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ دژە هێرش بکات، ئەگەر کازمی هێرش بکاتە سەر میلیشیاکان وەک ئەوەی پۆمپیۆ داوای لێدەکات، ئەوکات ئێران وەڵام دەداتەوە".


PM:03:06:26/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 3144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت