یەکەم لێدوانی نوسینگەی مالیکی لە بارەی هەواڵی رووخانی کابینەکەی کازمی

‌مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
نووسینگەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رەتیدەکاتەوە هیچ جموجووڵێکی سەربازی هەبێت بۆ رووخانی حکومەتەکەی مستەفا کازمی.

 
سەرچاوەیەکی هەواڵگریی عیراق بە رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەنی راگەیاندووە، بە پشتیوانی نوری مالیکی، سەرۆكی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر، جموجوڵەکانی لە نێو سوپا و هۆزەکانی عیراق بۆ رێکخستنی کودەتایەک دژ بە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران، دەستپێکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە، هۆکاری هەوڵەکانی ئەو دوو سەرکردەیە بۆ ئەنجامدانی کودەتا بۆ دژایەتی و ترسیان لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەگەڕێتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ئەو دوو سەرکردەیەی عیراق ترسیان هەیە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان بە رێژەیەکی زۆر کەم بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عیراق بۆ تەواوکردن و دەنگدان لەسەر فرەبازنەیی هەڵبژرادەنەکان کۆببێتەوە.

لای خۆیه‌وه‌ هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نوری مالیکی لە تویتێکدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەڕێوەچوو، کازمی هیچ تۆمار و بەڵگەنامەیەکی نەخستووەتەڕوو لەبارەی هەوڵەکانی دوورخستنەوەی.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی نوری مالیکی دەڵێت: "ئەوەی باسدەکرێت دوورە لە راستییەوە، چونکە هەمووان سوورن لەسەر سەقامگیری و دوور لە تێکچوونی دۆخەکە و لاوازکردنی دەوڵەت".
 
عەدنان ئەسەدی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، ئەوەی باسدەکرێت لەبارەی جموجووڵی سەربازی بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی و هادی عامری بۆ رووخانی حکومەتی کازمی دوورە لە راستییەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتەڕوو.
 
ئەسەدی دەشڵێت: "ئەگەر ئەو دوو پیاوە (نوری مالیکی و هادی عامری) بیانەوێت کۆتایی بەهەر حکومەت بهێنێت، کە خزمەت بە گەلی عیراق نەکات و دووربێت لە بەرژەوەندی سەرەکی، ئەوا پەرلەمان و میکانیزمی دەستووری هەیە و پێویست بە جموجووڵی سەربازی ناکات".
 
پێشتر، مستەفا كازمی سەرۆکوەزیرانی عیراق، رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد.


PM:02:47:26/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 6384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت