وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی وەزیری دارایی عێراقی دایەوە


وێستگە نیوز-
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان قسەكانی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراقی رەتكردەوە كە وتبووی، نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بە قاچاخ هەناردەی دەرەوە دەكرێت و ئەوەش لە ئۆپێك كێشەی بۆ عێراق دروستكردووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، ژمارەكانی تایبەت بە هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن دامەزراوەی دیلۆیت وردبینیان بۆ دەكرێت و بۆ رای گشتی دەخرێتەڕوو، راستتر ئەوەیە، كە دەسەڵاتی فیدراڵی هەمان، رێكاری حكومەتی هەرێم بگرێتەبەر، بە واتای ئەوەی كە رێگە بدات، بەوردبینی و بڵاوكردنەوەی رێژەی بەرهەمێنانی نەوت، ئەمەش لە پێناو شەفافیەت و بەر‌پرسیارێتی زیاتر لە كەرتی نەوت لەسەر ئاستی تەواوی عێراقدا.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەكردووە "روونكردنەوەكەمان لەچوارچێوەی گفتوگۆیەكی گشتگیری نێوان هەردوولایە كە هەوڵ بۆ بەدەستخستنی راستگۆیی لە پەیوەندییەكانمان دەدات، و هەروەها زامنكردن و رێزگرتن لە ئەرك و مافەكانی هەردوولا بە گوێرەی دەستوور".

پێشتر عەلی عەللاوی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە هاوكات وەزیری داراییە بە ئاژانسی "S&P Global Platts”ی راگەیاندبوو "هەرێمی كوردستان بووەتە سەرچاوەی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە"، كە بە وتەی عەللاوی، ئەوەش وایكردووە عێراق، كە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی نێو رێكخراوی ئۆپێكە، شكستبێنێت لە پابەندبوون بە رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.




PM:05:58:24/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 4836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو