لە مانگێكدا دووجار بەرهەم ساڵح و ئارام قادر كۆبوونەوە


وێستگە نیوز-

ئارام قادر، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لەشاری بەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار عێراق كۆبووەوە ئەوەش لەكاتێكدایە هەر لەم مانگەدا جارێكی دیكەش ئەو دوو كەسایەتییە سیاسییە كۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی ئارام قادر، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا بە یاوەری هەریەك لە سالار ئەربیل، یاریدەدەری سەرۆك و شڤان سەعید ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی هاوپەیمانی و شیراز عەبدولغەنی بەرپرسی نوسینگەی سەرۆك، سەردانی شاری بەغدای پایتەختی عیراقیی كرد و چەند دیدار و كۆبوونەوەیەكی گرنگی ئەنجامدا.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لە میانی ئەو سەردانەدا، سەرۆكی هاوپەیمانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و عەدنان زورفی سیاسەتمەداری دیاری عێراقی و ڕائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی و ڕەشید عەزاویی سەرۆكی حزبی ئیسلامیی عێراقیی و همام حەموودی سەرۆكی ئەنجومەنی ئیسلامیی عێراقی و  چەند سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و كەسایەتی تر، كۆبوونەوەی ئەنجامدا.

لە كۆبوونەوەكاندا سەرۆكی هاوپەیمانی جەختی لە پتەوكردنیی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییە عێراقیی و كوردستانییەكان كردەوە لەپێناو پێشخستن و باڵاكردنی گیانی پێكەوەژیان و هەماهەنگییكردنی یەكدی، هەروەها لەكۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق دووپاتی لە گرنگی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا كردەوە، لەبارەی بەشە بودجەی كوردستان و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی وەكو مادەی ١٤٠ی دەستوور و خاڵە سنورییەكان و پڕچەككردنی پێشمەرگە و پرسەكانی تر.

جێی ئاماژەیە لەسەرەتای ئەم مانگەشدا لەناوچەی مێرگەپان لەشاری سلێمانی كە شوێنی حەوانەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقە، بەرهەم ساڵح و ئارام قادر كۆبوونەوە، ئەو كۆبوونەوانەش لەكاتێكدایە دوو ساڵ لەمەوبەر بەرهەم ساڵح، دوای جیابوونەوەی لەیەكێتی، لەگەڵ ئارام قادر و ژمارەیەك سیاسی دیكە حیزبێكی نوێی بەناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) راگەیاند و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا كرد و دوو كورسی هێنا، بەڵام پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئەیلولی 2018دا بەرهەم ساڵح، وازهێنانی لەهاوپەیمانی راگەیاند و گەڕایەوە نێو یەكێتی و بووە سەرۆك كۆماری عێراق، پاشان  هاوپەیمانیش لەكۆنگرەیەكدا ناوی حیزبەكەیان لە (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) بۆ (هاوپەیمانی نیشتمانی) گۆڕی.


PM:04:42:24/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 9164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت