ئەبوبەكر هەڵەدنی: هەست دەكەین پارتی نادیدەی ئەو هەموو دڵسۆزی و خەمخۆرییەی یەكگرتووی نەگرت

‌ئەبوبەكر هەڵەدنی

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال، هاوبیر هیوا

ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی حیزبەكەی و پارتی بۆ حكومەتی خۆجێی دهۆك هەست دەكەن پارتی نادیدەی ئەو هەموو دڵسۆزی و خەمخۆرییەی یەكگرتووی نەگرت، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر پرساندنی حكومەت لەسەر لێبڕینی مووچە بێتە ناو هۆڵی پەرلەمان، كورسییەكەی قوباد تاڵەبانی لەژێر مەترسیدایە،  ترسی كەوتنی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و شكاندنیشی هەیە بەجۆرێك لەجۆرەكان.

لەدوو رۆژی رابردوودا و لەسەر پرساندنی مەسرور بارزانی، سەرۆك و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەر لێبڕینی مووچە، پارتی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای دهۆكی لەگەڵ یەكگرتوی ئیسلامی هەڵوەشاندنەوە و پۆستەكانی لەو پارێزگایە لەیەكگرتوو وەرگرتەوە، ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكی وێستگە نیوزدا سەبارەت بەهەڵوێستی داهاتوویان دەدوێت.

وێستگە نیوز: دوای كشاندنەوەی حیزبەكەتان لەحكومەتی خۆجێی پارێزگای دهۆك، پێشنیارت كردووە لەحكومەتی خۆجێی سلێمانی و هەولێریش بكشێنەوە، بۆچی؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: لەبەر دوو پاساو یەكێكیان وەك پشتیوانییەك بۆ خوشك و برایانمان لەپارێزگای دهۆك و ناوچەی بادینان، پاساوی دووەمیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی 30ی نیسانی 2014 یەك پاكێجە و ئێمە قەوارەی هەرێم وەك یەك قەوارە سەیر دەكەین، هەمانكاتیش بۆ ئەوەی دان بەدوو ئیدارەییدا نەنێین، بە رای من پێویستە یەكگرتوو لە هەر سێ پارێزگا بكشێینەوە، چونكە لەپارێزگای هەولێر وەك لیستی خزمەت پۆستمان نییە.

وێستگە نیوز: هەست دەكەن ئۆپۆزسیۆنی ئەمجارە زۆر لاوازە و هەماهەنگیتان نییە؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: ئۆپۆزسیۆنی ئەمجارە هەم لەئاستی چەندایەتی و هەمیش لەئاستی چۆنایەتی لەئاستی پێویستدا نییە، وەك چەندایەتی 21 كورسین، لەسەر ئاستی چۆنایەتیش نەمانتوانیوە رادەی هەماهەنگی و هاوكاری ببەینە پێشەوە، واتە پڕۆژەیەكی هاوبەشمان هەبێت لەلیژنەكان و چاودێریكردنی حكومەتی هەرێم وەك یەك تیمی تۆكمە دەربكەوین، بە رای من ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی حیزبی و ئایدۆلۆژی.

وێستگە نیوز: هۆكاری ئەو نەبوونی هەماهەنگییە یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامییە لەگەڵ نەوەی نوێ رێكناكەون، یان بەپێچەوانەوە؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: خەتای هەر سێ لایەنەكەیە، هیچ حیزبێك ئەگەر دێرینیش بێت گرنگ لەناو پەرلەماندا پێی دەوترێت ئەندامی پەرلەمان، پڕۆفیسۆرێك و دەرچوویەكی ناوەندی و سەرەتاییش پێی دەوترێت پەرلەمانتار، هەر یەك واژۆ و یەك دەنگیشە لەناو پەرلەمان، بۆیە پێویست بوو ئەم كێشە نەفسییانە نەبێت و دەبوایە لەسەر ئاستی حیزبەكانیش لێكتێگەیشتن هەبوایە و لانیكەم پەرلەمانتاریان سەرپشك بكردایە بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران هەماهەنگی بكەن، چونكە كاری پەرلەمانتاریی پیشەییە.

وێستگە نیوز: بۆ جاری دووەم داوای پرساندنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی دەكەنەوە لەسەر لێبڕینی مووچە، بەڵام وەك دەورێت تەنها یەك واژوو ماوە و هیچ پەرلەمانتارێك ئەو واژووە ناكات، هۆكار چییە؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: ئەوە هەڵوێستی پارتی روونە، چونكە سەرۆك وەزیران لەخۆیانە، بۆ یەكێتیش پارتی هەمان گوشاری لەسەر یەكێتی دروستكردووە كە ئەگەر پرساندنەكە بێتە ناو هۆڵی پەرلەمان، ئەوا كورسییەكەی كاك قوباد تاڵەبانی لەژێر مەترسیدایە، بۆ گۆڕانیش بەهەمانشێوە ترسی كەوتنی كاك ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و شكاندنیشی هەیە بەجۆرێك لەجۆرەكان، بۆ مەسەلەی كۆتاكانیش وازیحە كە سیاسەت چۆن دەكەن و هەمیشە هەڵوێستیان لاواز بووە، ئاڕاستەی سێیەمیش وەڵامەكە لای خۆیانە.

وێستگە نیوز: ئەگەر پرساندنەكە بكەن دڵنیان دەتوانن متمانە لەو سێ بەرپرسە باڵایە وەربگرنەوە؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: نەخێر متمانەیان لێوەرناگیرێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە پڕۆسەیەكی دیموكراتی ئەنجام دەدەین، رێكارێكی پەیڕەوی ناو پەرلەمانی كوردستان جێبەجێ دەكەین، لەهەمووشی گرنگتر ئێمە پرسیاری خەڵك دەكەین، چونكە وەك پەرلەمانتار و خەڵكی كوردستانیش وەڵامەكانی حكومەتی هەرێم بڕواپێهێنەر نین و بە چ پاڵپشتێكی یاسایی 21%ی مووچە دەبڕێت، پێمانوایە داهاتەكانی كوردستان ئەگەر وەك خۆی كۆبكرێتەوە پێویست بە لێبڕینی مووچە ناكات، بۆیە كۆمەڵێك پرسیاری خەڵكن و ئاڕاستەی ئەو سێ بەڕێزەی دەكەین، چونكە ئەوان پێكەوە حكومەتیان پێكهێناوە و پێكەوە لەئەنجومەنی وەزیران شانیان داوەتە بەر لێبڕینی مووچە، بۆیە دەتوانن وەڵامەكانیان یەك بخەن و بێنە پەرلەمان و متمانەش وەربگرنەوە، ئەوەش ئەو خۆسەغڵەتكردنەی ناوێت، لەخولی سێیەمیش پەرلەمانی كوردستانیش هەمان كار كراوە بەرهەم ساڵح، سەرۆكی حكومەت، وەزیری پێشمەرگەش هاتوون و متمانەیان پێدراوەتەوە.

وێستگە نیوز: زۆرجار بەهۆی هەڵوێستەكانی یەكگرتوو بەرامبەر هەندێك پرس كە پشتگیری پارتی دەكرد دەوترا بۆتە "لق"ێكی پارتی، دوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی دهۆك، پێتانوایە لەمەودوا پەیوەندی پارتی و یەكگرتوو خراپ ببێت؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: بۆ پەیوەندییەكانی ئێمە و پارتی و لایەنەكانی دیكەش پێمانوانییە ئەمە كۆتایی دنیایە و ئیتر پەیوەندییەكانمان دادەبڕێین و هەموو پردەكان دەڕوخێنین، ئێمە ئۆپۆزسیۆنی حكومەت و دەسەڵاتین، ئۆپۆزسیۆنی حیزب نین لەكوردستان، ئەوەش دەركەوت ئەو هەموو بانگەشە و تۆمەتە ناڕەوایەی درایە پاڵ یەكگرتوو ناڕەوا بوون، چونكە ئەو هەڵوێستانەی ئێمە نیشتمانی بووە لەپشتیوانیكردنی ریفراندۆم و پەرلەمانمان كاراكردۆتەوە پێمانوایە مەترسییەك لەسەر قەوارەی هەرێم هەبووە.

وێستگە نیوز: هەست دەكەن پارتی بەرامبەرتان بێوەفابوون؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: خۆی لەسیاسەتدا بێوەفایی نییە، بەڵام بەفیعلی بەڵێ هەست دەكەین كە پارتی نادیدەی ئەو هەموو دڵسۆزی و خەمخۆرییەی یەكگرتووی نەگرت  لەریفراندۆم و سەرۆكایەتی هەرێم و وەرگرتنەوەی متمانە لەمالیكی، بەڵام بەداخەوە پارتی بەمەنتقی هێز مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەكات.

وێستگە نیوز: دوو رۆژی دیكە یادی سێ ساڵەی ریفراندۆمی كوردستانە، دەكرێت بڵێین كاردانەوەی ریفراندۆم بۆ كوردستان چۆن بوو؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: بە رای من بەهۆی ریفراندۆمەوە 50 ساڵ یان سەدەیەك كوردستان هاتە دواوە، لەبەرئەوەی ریفراندۆم هەرچەندە ئاوات و خواستی هەموو تاكێكە، بەڵام نیوەناچڵ بوو، ئەم قەیرانە كەڵەكەبووانە هەر لەقەیرانی بێ حكومەتی و بێ قەوارەیی و بێ دەوڵەتییە، بەڵام ریفراندۆم سێ پاڵپشتی یاسایی نەبوو، پاڵپشتی سیاسیی نەبوو واتە كۆدەنگی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان، پاڵپشتی جەماوەریشی نەبوو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیش لۆبی بۆ نەكرابوو، بۆیە لەو كاتەشدا جۆرێك لەوەستانەوە بوو لەدژی ئیرادەی نێودەوڵەتی دەبوایە تەفەهومی ئەوە بكرایە، چونكە لەدەوڵەتەكان كە پێشتر پشتیوانی كورد بوون پشتگیری ریفراندۆمیان نەكرد.

وێستگە نیوز: هاتنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كوردستان كاردانەوەی باشی جەماوەریی لێكەوتەوە، ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لیست دروست بكات، دەنگ دێنێت؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: خەڵك لەبەرئەوەی ئەوەندە نیگەرانە لەدەسەڵات و یەكێتی و پارتی، بۆیە چجای كازمی، بەڵكو هەر كەسێكی دیكەش لەكوردستان ئەگەر خەڵك ئازادی پێ بدرێت و ساختەكاری نەبێت، دەنگێكی زۆر دێنێت.

وێستگە نیوز: وتت خەڵك لەیەكێتی و پارتی نیگەرانن، ئەی لەئۆپۆزسیۆن؟
ئەبوبەكر هەڵەدنی: بەڵێ لەئۆپۆزسیۆنیش، چونكە لەئاستی پێویستدا نەبووە، بەڵام بەپلەی یەكەم ئەو قەیرانانە دەسەڵات لێی بەرپرسیارە، چونكە دروستكەری قەیرانەكانە. 


PM:04:57:23/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 4776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو