لیژنەی مافی مرۆڤ قسەی جیاواز سەبارەت بەگیانلەدەستدانی سزادراوان بەكۆرۆنا دەكەن


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، گیانلەدەستدانی سزادراوانی چاكسازییەكان بەڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر زۆر كەمن و دەگمەنن، بەڵام بڕیاردەری لیژنەكە دەڵێت، بەقسەی سزادراوان نزیكەی پێنج سزادراو بەكۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

رۆمیۆ هەكاری، سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، ئەوان لەنزیكەوە چاودێری چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و بەدواداچوون بۆ رەوشی ژیانیان دەكەن، رۆژی چوارشەممەی رابردووش بەئامادەبوونی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمان سەبارەت بەڕەوشی چاكسازییەكان كرا.

ناوبراو روونیكردەوە، لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیەدا بوون كە بەشێك لەزیندانیكراوەكان ئازاد بكرێن بەتایبەتیش سزادراوانی ماددەكانی (شەڕ و دزی بچووك و هەندێك توندوتیژی خێزانی).

سەبارەت بەوەی تائێستا سزادراو بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە ؟، هەكاری ئاماژەی بەوەكرد، سێ رۆژ پێش ئێستا زیندانیكراوێك لەچاكسازی گەورانی هەولێر گیانی لەدەستدا و بەپێی راپۆرتی پزیشكی، دەركەوتووە بەكۆرۆنا نەمردبوو، بەڵكو بەنەخۆشی دیكە كۆچی دوایی كردبوو، گیانلەدەستدانی زیندانیانیش بەكۆرۆنا زۆر زۆر كەمن و دەگمەنن، بەڵام بەداخەوە ئێستا هەر كەسێك بەنەخۆشی دیكەش گیان لەدەست بدەن دەڵێن بەكۆرۆنا مردوون.

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ باسی لەگەورەترین كێشەی چاكسازییەكانی هەولێر و سلێمانی كرد و وتی "گەورەترین كێشەی چاكسازییەكان قەرەباڵغن ئەوانەی هەولێر و سلێمانی بۆ 900 سزادراو دروستكراون، بەڵام هەریەكە و زیاتر لە 2 هەزار سزادراوی تێدایە و ئەوەش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەكان دەبێت".

هەروەها گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان بۆ وێستگە نیوزی روونكردەوە، لە سێ رۆژی رابردوو لەبەدواداچوونیان بۆ چاكسازی هەولێر کردوە کە سزادراوێك بەنەخۆشی سیل گیانی لەدەستداوە ئەویش لەدوای پشكنین دەركەوتووە بەكۆرۆنا نەمردووە، پێشتریش سزادراوێكی دیكە بەنەخۆشی پەركەم كۆچی دوایی كردووە.

بەڵام بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ قسەیەكی جیاوازتری بۆ وێستگە نیوز كرد و رایگەیاند، كە سەرەتا كۆرۆنا سەریهەڵدا سزادراوان سەلامەت بوون، چونكە سەردانیان لێ قەدەغە كرابوو، بەڵام دوای ئەوەی كارمەندانی چاكسازییەكان تووشی كۆرۆنا بوون، ئەوانیشی گرتەوە.

ناوبراو روونیكردەوە، لەم ماوەیەی رابردوودا لەشاری هەولێر كە ڤایرۆسەكە سەریهەڵدا بەقسەی سزادراوان لە 65%یان ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسەكەش نەبن، بەركەوتەن و دەڵێن دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، بەڵام رەنگە كەمێك زیادەڕۆییش بكەن، ئەو سزادراوەشی لەڕۆژانی رابردوو گیانی لەدەستدا بەقسەی هاوڕێكانی كۆرۆنای بووە و نیشانەی تێدا هەبووە.

بەدریە ئیسماعیل وتی "بەپێی داتاكانی لای من هەرچەندە زۆر وردیش نییە، بەڵام بەقسەی سزادراوان نزیكەی پێنج سزادراو لەچاكسازییەكان بەكۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە بەنەخۆشی درێژخایەنەوە، یاخود بەهۆی تەمەنیان".


PM:09:28:21/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 6388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو