سه‌رۆكی هه‌رێم و باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق گفتوگۆیان له‌سه‌ر كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا كرد
نێچیرڤان بارزانی و ماتی‌و تولەر
وێستگه نیوزـ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد یه‌كێك له‌و پرسانه كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بوو.
نوسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد كه كۆبونه‌وه‌كه ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئەیلولی 2020 به‌ڕێوه‌چوه و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ماتی‌و توله‌ر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق چه‌ندین پرسیان تاتوێ كردوه له‌وانه: دۆخی سیاسی و ئەمنیی عیراق و پەیوەندییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و خواست و دەرفەتی پەرەپێدانیان، گفتوگۆی ستراتیژیی عیراق و ئه‌مریكا، مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و گرنگیی به‌رده‌وامیی پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عیراق له شه‌ڕی دژی تیرۆردا، هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عیراقیان تاوتوێ كرد.
به‌پێی نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و توله‌ر هاوڕابوون كه تێپه‌ڕاندنی كێشه و ئاڵنگارییەکانی به‌رده‌م عیراق، پشتگیری و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوكاریی نێوان لایه‌ن و پێكهاته عیراقییه‌كانی پێویسته "كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر و هاوكاربێت".
هاوكات سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد كه له چوارچێوه‌ی به‌شێكی دیكه‌ی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانیدا بۆ عیراق بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانی داعش، ئه‌مڕۆ سێشەممە به‌شێكیان له پشكی هه‌رێمی كوردستان راده‌ستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كرد.
له راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی ناوبراودا هاتووه كه باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق ئاماژه‌ی به گرنگیی رۆڵی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌قامگیری له ناوچه‌كه كردوه و پشتگیریی ئه‌مریكاشی بۆ هه‌رێمێكی به‌هێزی كوردستان له چوارچێوه‌ی عیراقی فیدراڵ‌دا دوپاتكردوه‌ته‌وه.
PM:11:39:15/09/2020
ئه‌م بابه‌ته 1788
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت