حكومه‌تی هه‌رێم كاتی دابه‌شكردنی مووچه‌ راده‌گه‌یه‌نێت


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم رایگه‌یاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بڕیار لە میکانیزم و چۆنێتی دابەشکردنی مووچە ده‌ده‌ن بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت بە پێی ئەو توانا داراییەی لە بەر دەستە.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ی ئابی 2020، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی مووچه‌و دۆخی داراییه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌ كۆبووه‌وه‌ و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/12 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئەنجامی پرۆسەی  گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا.

ئەنجومەنی وەزیران لە کاتێکدا هەوڵەکانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بە باشی هەڵدەسەنگێنێ، بەجۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و لە پێناو دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەموو مەرجەکانی حکومەتی فیدراڵی کە لە چوارچێوەی دەستووردان قبوڵ کردووە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت کە ئەمەش وای کردووە حکومەتی ھەرێم، نەتوانێت شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بکات، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێکی نالەبار بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم دروست بووە، سەرەڕای ناھەمواریی بارودۆخی تەندروستی.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسا بەرکارەکانی عێراق،  ھەرێم ھاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عیراق، مافی خۆیەتی ئەو بەشە مووچەیەی کە بۆی خەرج دەکرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق نەکرێ لە خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەمەش دەستووری عێراق وەک بنەما جێگیری کردووە.

بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بە تووندی نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنییەی حکومەتی فیدراڵی دەردەبڕێت و داوا دەکات بە دەنگ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت و کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات و ڕێز لە  ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و پابەندبوونە دەستوورییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.


PM:05:37:12/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 22304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت