وه‌زاره‌تی ناوخۆ: پێویستە په‌كه‌كه‌ و توركیا ململانێی خۆیان به‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ی خاكی هه‌رێم


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر بۆردومانی فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ناوچه‌ی برادۆست له‌ سنوری پارێزگی هه‌ولێر ده‌ركرد و داوایكرد په‌كه‌كه‌ و توركیا ململانێی خۆیان به‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ی خاكی هه‌رێم. 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه‌ ده‌ریكرد، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندوه‌ "دوپاتی دەكەینەوە كە پێویستە  PKK و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعیراق وچیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە."

نیوه‌رۆی‌ ئه‌مرۆ به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی توركیاوه‌ له‌ ناوچه‌ی برادۆست كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان په‌كه‌كه‌ و پاسه‌وانی سنووری كرده‌ ئامانج، دوو فه‌رمانده‌ی‌ پاسه‌وانی سنوور شه‌هید بوون.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان عه‌مید زووبێر حالی، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی سێی پاسه‌وانی سنوور و  محەمەد رەشید، فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنوور لە دەڤەری سۆران بە بۆردومانەکەی ئەمڕۆ شەهید بووە.

ئه‌و یه‌كه‌یه‌ی پاسه‌وانه‌ی سنوور ئه‌مڕۆ ویستوویانه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بكه‌ن و داوایان لێ بكه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌، له‌ میانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا فڕۆكه‌كانی توركیا بۆردومانی كردوون.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم:

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی ‌حكومەتی هەرێمی كوردستان 

كاتژمێر 2:45 پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ، سێ شەممە، رێكەوتی 11/8/2020 لە ناوچەی برادۆست كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی فیدڕاڵی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لە لایەن فرۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئوتۆمبیلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور دەكرێتە ئامانج وبەداخەوە دوو ئەفسەری هێزەكە شەهید دەبن بە ناوەكانی (عمید/ محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و(عقید/ زوبێر حالی تاجەدین ، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور). هەروەها (عقید/ حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن ) بریندار دەبێت.

لێرەدا دوپاتی دەكەینەوە كە پێویستە  PKK و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعیراق وچیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە.

بەم بۆنە خەمناكەوە ، پرسە وسەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین ولە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە بە بەهشتی خۆی شادیان بكات و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین وخەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی ناوخۆ
حكومەتی هەرێمی كوردستان
11/8/2020


PM:09:34:11/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو