شاسوار عەبدولواحید: سبەینێ دەڕۆین بۆ شەكراوخواردنەوە تا ئەم حكومەتە بڕوخێنین


وێستگە نیوز-

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە كاتی خۆپیشاندانەكەی سبەینێ كە كاتژمێر 5ی ئێوارە لەشارەكانی كوردستان بەڕێوە دەچێت و بەتەنزەوە باسی ئەو كاتە دەكرێت، رایگەیاند "پێم سەیرە هەڵوێستمان هەبێت و گاڵتەمان پێبكەن! سبەینێ دەڕۆین بۆ شەكراو خواردنەوە بۆ روخاندنی ئەم حكومەتە، داوا لەگەنجان دەكەم بێن لەوێ نێرگەلە بكێشن و خێزانەكان خواردن بێنن لەوێ بیخۆن، بەغداد بەشەو خۆپیشاندان دەكرا، چونكە رۆژ گەرم بوو".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەمیانەی بەرنامەی تاوتوێی كەناڵی ئێن ئارتی رایگەیاند، حكومەتی هەرێم بەناوی چاكسازی كەرتی گشتی وەلاوە ناوە لەبەرئەوەی خۆیان نەخۆشخانەیان هەیە و پارە پەیدا بكەن و روونیكردەوە، ئەم حكومەتە زۆر شكستخواردوو بووە، لەهەموو رووەكانەوە شكستی هێناوە و كاتی ئەوەیە بكشێتەوە و بڕواتەوە دواوە.

بڕیارە سبەینێ كاتژمێر 5ی ئێوارە لەشار و شارۆچكەكان خۆپیشاندان بكرێت لەلایەن نەوەی نوێ خۆپیشاندانەكەش لەپاركەكان دەبێت، بەڵام "كات"ی خۆپیشاندانەكە بۆتە جێی تەنز كە بۆچی كاتژمێر 5ی ئێوارە ئەو خۆپیشاندانەكە دەكرێت.

لەو بارەیەوە شاسوار عەبدولواحید روونیكردەوە "پێم سەیرە هەڵوێستمان هەبێت و گاڵتەمان پێبكەن! ئێمە سبەینێ دەڕۆین بۆ شەكراو خواردنەوە بۆ روخاندنی ئەم حكومەتە، داوا لەگەنجان دەكەم بێن لەوێ نێرگەلە بكێشن و خێزانەكان خواردن بێنن لەوێ بیخۆن، بەغداد بەشەو خۆپیشاندان دەكرا، چونكە رۆژ گەرم بوو، ئەو قسەیە بیانووی هەندێك هێزە".

دەربارەی شوێنی خۆپیشاندانەكانیش كە لەپاركەكان دەكرێن، ناوبراو وتی "مامۆستایان لەبەردەم پەروەردە خۆپیشاندانیان دەكرد، خۆ مەكتەبی سیاسی حیزبەكانی لێ نییە، ساحەی تەحریر حكومەتی عێراقی لێ نییە، بەڵام حكومەتی رووخان، گرنگ ئەوەیە لەشوێنێك خەڵك كۆبكەینەوە، ئەی لەبازاڕ بیكەین تا دوكاندار ئیشی نەبێت؟". 

دەربارەی ئەوەی بۆچی لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنیش نایەنە خۆپیشاندانەكە (كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی)، شاسوار عەبدولواحید وتی "لەئیستادا ناچمە بڕۆمە وردەكاری لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە، بەڵام نابێت رووی گلەیی بكەینەوە ئەو لایەنانە، بەڵكو دەبێت لەگەڵ ئەوان و خەڵكە باشەكانی یەكێتی و پارتیش دەست بخەینە ناو دەستی یەك و وڵاتەكە رزگار بكەین، واز لەبەرژەوەندییەكانی خۆمان بێنین، ئێستا دۆخی خەڵك زۆر خراپە و 700 هەزار گەنجی 18 بۆ 21 ساڵ بێكارن".

شاسوار عەبدولواحید دەربارەی سەردانەكەی ماوەی رابردووی بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی "كازمی پێی وتم لەگەڵ هەرێم رێكدەكەوین و دەستبەرداری نەوت و داهاتی ناوخۆ دەبیت بۆ خۆیان، بەڵام بەشێكی گومرگمان دەوێت، مانگانەش 300 تا 400 ملیاری بەهەرێم دەدەین"، بەڵام وەك شاسوار دەڵێت "گومانم هەیە پارتی لەگەڵ كازمیدا رێكبكەوێت".




PM:07:27:11/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 2980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت