یونسێف پێنج ملیۆن یۆرۆ بۆ ئاوارەکانی کوردستان و عێراق دابین دەکات


وێستگەنیوز-

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان (یونسێف) رایگەیاند، پێنج ملیۆن و 600 هەزار یۆرۆ بۆ ئاوارەکان و خێزانە هەژارەکانی کوردستان و عێراق دابین دەکەن.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان (یونسێف)  لەبارەی ئامانج لە تەرخانکردنی ئەو پارەیە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بەشێکی ئەو پارەیە بۆ دابینکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی بەرامبەر کۆرۆنا تەرخان دەکرێت، بەشێکی دیکەشی بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی خوێندن و کڕینی خۆراک دابین دەکرێت.

26ی تەمموزی ئەمساڵیش ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێم رایگەیاند، لە ئێستادا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین کە زۆرینەیان کەوتونەتە سنوری پارێزگای هەولێر و ساڵانە حکومەتی هەرێم 934 ملیۆن دۆلار بۆ کەرتی کۆچ و کۆچبەران خەرج دەکات.

ناوەندی هاوبەشی  هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێم لە دواین راپۆرتی خۆیدا لەبارەی ئاوارەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دیکە لە کوردستان باسی لەوەکردوە، لە ئێستادا زیاتر لە  736 هەزار ئاوارەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە کوردستان دەژین کە زۆرینەیان لە عەرەبی سونە و کوردانی ئێزدی پێکهاتون، زۆرینەی ئاوارەکانیش بە رێژەی 49% کەوتونەتە سنوری پارێزگای هەولێر.

ئەوەش هاتوە، هەروەها زیاتر لە 262 هەزار هاوڵاتی وڵاتانی سوریا، تورکیا، ئێران و فەڵەستین وەک پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین، لەو ژمارەیەش ئەمساڵ هەزارو 858 ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.


PM:05:37:01/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت