کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: ئامادەین بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت


وێستگەنیوز-
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئامادەن لەو وادەیەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان دیاریکردوە کە رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ە، هەڵبژاردن بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە خواستی گەلی عێراق و هاوسەنگی و بێلایەنی پێوەرە سەرەکییەکانی بن بەڕێوەببەن.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەرەچاوکردنی وتارەکەی شەوی رابردووی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و پشتیوانی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئامادەن لەو وادەیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریکردوە هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبەرن، بە پێشمەرجی دەرچواندنی یاسای هەڵبژاردنەکان و بازنەی هەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانەوە لە ماوەیەکی کورتدا، هەموارکردنەوەی یاسای فیدڕاڵی کە لە ئێستادا کێشەی نیسابی هەیە بۆ پەسەندکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەروەها داوا دەکەن بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان هەڵبژاردن لە ماوەیەکی کەمدا بۆ کۆمسیۆن خەرج بکرێت.

ئەوەش هاتوە، بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئێستادا داوای کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن، هەروەها داوایان لە نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەکان کردوە هاکاریان بکەن لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە بەگوێرەی دەستور ئەوان لایەنی جێبەجێکاری پڕۆسەکەن.

دوێنێ هه‌ینی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌په‌یامێكی ڤیدیۆییدا، رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ی بۆ  ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریكرد و رایگه‌یاند، ململانێی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیری عێراق ده‌كه‌ن  و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیرده‌كه‌ن كه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ئامانج ده‌گرن و روبه‌ڕوی یاسایان ده‌كه‌نه‌وه‌.
 
پێشوتریش ئەڵماس فازڵ، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی عێراق رایگەیاندبو، رۆژی 6ی حوزەیران وەک لیژنەی یاسایی، ئەندامانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان بانگهێشتکردوە و لەبارەی ئامادەکارییەکان و میکانیزمی جیاکردنەوەی دەنگەکانی پرسیارکراوە، بەگشتی لەبەرنەبونی ئامارێکی دروستی ژمارەی دانیشتوان، یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن کەوتوەتە نێوان ململانێی سیاسی و جوگرافی.

بە گوێرەی زانیارییەکان ململانێکان لەسەر زیاتر لە 80 قەزا و ناحیە لە سنوری پارێزگا جیاوازەکان بونی هەیە و تائێستا یەکلایینەکراوەتەوە کە چۆن دەکرێن بە بازنەی هەڵبژاردن.


PM:04:46:01/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت