مالیکی: هەڵبژاردنی پێشوەخت تەنها بەدەنگی پەرلەمانتاران دەبێت

‌نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا

وێستگەنیوز-

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بە گوێرەی دەستور سەرۆک وەزیران بە راوێژ لەگەڵ سەرۆک کۆمار لەگەڵ یەک لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەتوانن داواکارییەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بانگەواز بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەن، بەڵام ئەو هەوڵە تەنها وەک پێشنیاز دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگی لەسەر دەدەن.

لەکاردانەوەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن  مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە جۆرێک لەروبەڕوی کردنەوەی هێزە سیاسییەکانی بەرامبەر شەقام دوای خۆپیشاندانێکی چوار مانگی و کوژرانی سەدان خۆپیشاندەر، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، سەرۆک وەزیران و یەک لەسەر سێی پەرلەمانتاران مافی پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختیان هەیە، بەڵام تەنها بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران داواکاریەکە دەبێت بە یاسا، ئەوەش تاکە رێگا دەستورییە بۆ رۆشیتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت.

دوێنێ هه‌ینی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌په‌یامێكی ڤیدیۆییدا، رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ی بۆ  ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریكرد و رایگه‌یاند، ململانێی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیری عێراق ده‌كه‌ن  و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیرده‌كه‌ن كه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ئامانج ده‌گرن و روبه‌ڕوی یاسایان ده‌كه‌نه‌وه‌.
 
پێشوتریش ئەڵماس فازڵ، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی عێراق رایگەیاندبو، رۆژی 6ی حوزەیران وەک لیژنەی یاسایی، ئەندامانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان بانگهێشتکردوە و لەبارەی ئامادەکارییەکان و میکانیزمی جیاکردنەوەی دەنگەکانی پرسیارکراوە، بەگشتی لەبەرنەبونی ئامارێکی دروستی ژمارەی دانیشتوان، یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن کەوتوەتە نێوان ململانێی سیاسی و جوگرافی.

بە گوێرەی زانیارییەکان ململانێکان لەسەر زیاتر لە 80 قەزا و ناحیە لە سنوری پارێزگا جیاوازەکان بونی هەیە و تائێستا یەکلایینەکراوەتەوە کە چۆن دەکرێن بە بازنەی هەڵبژاردن.






PM:03:21:01/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت