جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی جوڵانەوەکەیان ژمارەیەکی زۆر بوتڵی ئۆکسجینیان بۆ توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر دابینکردوە، بەڵام "بەبڕیارێکی حزبی" رێگریان لێکراوە کە هاوکارییە بگەیەنن بە نەخۆشخانەکە.
کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "لێرە مامەڵە بە گیانی خەڵکییەوە دەکەن و گیانی خەڵکیان بە سیاسی کردوە، ئێمە خەڵکی هەولێرین هاتوین هاوکاری خوشک و براکانمان بکەین هاوکاری نەخۆشەکان بکەین و گیانیان لە مردن بپارێزین، کەچی ئەوان گیانی نەخۆشیان بە سیاسی کردوە و بەڕاستی ئەوانە شایەنی حکومڕانی نین".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر بوتڵی ئۆکسجینیان وەک کارێکی مرۆیی رەوانەی نەخۆشخانەی رزگاری کردوە، بەڵام ئیدارەی نەخۆشخانەکە هاوکارییەکەیان وەرنەگرت و رەتیانکردوەتەوە، نەوەی نوێ باوەڕی وایە سیاسەت و خزمەتکردن بە بیری تەسکی حزبی ناکرێت.
ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "بەداخەوە دەبینین دووبارە بابەتی ئۆکسیجینی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بەهەڵەباسی لێوەدەکرێت. هەموولایەك دڵنیادەکەینەوە بەهیچ شێوەبەك ئەم کێشەیە بوونی نییە و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بەردەوامن بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی".
دوێنێش بهڕێوهبهرایهتی گشتی تهندورستی ههولێر، گیانلهدهستدانی كارمهندێكی بههۆی توشبوونی به ڤایرۆسی كۆرۆنا راگهیاند و لهوبارهیهشهوه پرسهنامهیهكی بڵاوكردهوه.
30 تەمموز توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر كێشەی نەمانی ئۆكسجینیان بۆ دروستبوو، بەگوێرەی زانیارییەكانیش لەو رۆژەدا پێنج كەس لە شاری هەولێر بەو هۆکارە گیانیان لەدەستداوە.
AM:11:42:01/08/2020
ئهم بابهته 1804
جار خوێنراوهتهوه