كازمی: رێگە نادەین کەس عیراق بکاتە وڵاتی چەتەکان

‌مستەفا کازمی

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لەبارەی رووداوی کوژرانی هیشام هاشمیی لێکۆڵەریی سیاسییەوە رایگەیاند، "رێگە نادەین کەس عیراق بکاتە وڵاتی چەتەکان" و ئەوەی دەستی لە خوێنی عیراقییەکاندا بێت، دەدرێتە دادگا.

 
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوە داوە، "خەمی کوشتنی شەهید هیشام هاشمی بەسەرمانەوەیە و ئەرکمان ئەوەیە ئەو خەم و پرسەیە بۆ بەرهەم و دەستکەوتی راستەوخۆ بگۆڕین، ئێمە بەرپرسیارین و تاکە وەڵامێکیش کە گەل لێمانی پەسنددەکات تەنیا و تەنیا دەستکەوتە".
 
لە بەشیکی دیکەی وتەکانیدا کازمی دەڵێت: "شەقامێکی بەغدا دەکەین بە ناوی هیشام هاشمییەوە. عیراق ناخەوێت تاو بکوژان نەداتە دادگا".
 
سەرۆک وەزیرانی عیراق باسی لەوە کردووە، ئەوەی دەستی لە خوێنی عیراقییەکاندا بێت دەدرێتە دادگا و رێگە بە "سیاسەتی پاشاگەردانی و مافیا" نادەن.
 
کازمی ئەوەی خستەڕوو کە گەلی عیراق شایانی ئەوەیە هەوڵی زیاتری لە پێناودا بدرێت و ئێستایش کاتی کردار و دەستکەوتە.
 
لەبارەی حکومەتەکەشیەوە نەیشاردەوە کە، "حکومەت لەکاتێکی پڕ لە قەیراندا پێکهاتووە" و ئاماژەی بەوە دا، حکومەت حکومەتی چارەسەری کێشە سیاسی، ئەمنی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەندروستییەکانە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6ی ته‌مموزی 2020، هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەمنیی عیراقی لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لێکراوە و تیرۆرکرا.

هیشام هاشمی هیشام هاشمی لە دوایین توویتەکانی ئاماژەی بەوە داوە کە هێزە هاوبەشەکانی عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەیەکەوە بەنیازی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سنووردارن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەدژی چەکدارانی داعش.
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە 7ی ته‌مموزی 2020 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان توویتێکی لەبارەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "به‌ تووندی سه‌رکۆنه‌ی تیرۆرکردنی لێکۆڵه‌ر و پسپۆڕی ئه‌منیی عیراقی هیشام ئه‌لهاشمی ده‌که‌م که‌ دوێنێ لە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراودا له‌ به‌غدا تیرۆر کرا".
 
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق (یونامی) سەرکۆنەی کوشتنی هیشام هاشمی کرد و رایگەیاند، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق بە هەواڵی کوشتنی د. هیشام هاشمی تووشی شۆک بوو. دەشڵێت: "زۆر بە تووندی ئەم تاوانە قێزەون و ترسنۆکانە سەرکۆنەدەکەین و داوا لە حکومەت دەکەین زوو ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزێتەوە و سزایان بدات".
 
هەروەها بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق لە بەیاننامەیەکدا  ئیدانەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی کرد و رایگەیاند، کە دەبێت تاوانباران بەزووترین کات بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا.
 
هــ. ر


PM:05:36:07/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت