داوای سپاردنی هەرێمی كوردستان بەنەتەوەیەكگرتووەكان دەكرێت

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

پارێزەرێك رایدەگەیەنێت، مەترسییەكی جدی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە پێویستە بەلیژنەیەكی نەتەوەیەكگرتووەكان بسپێردرێت.


سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم، پارێزەر بەوێستگە نیوزی راگەیاند، بەهۆی بوونی مەترسی جددی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتەكانی عێراق و هەرێم و وڵاتانی دەوروبەرەوە، لەنامەیەكدا بۆ جنین پلاسخات، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق، داوایكردووە ئەم قەوارەیە بەنەتەوەیەكگرتووەكان بسپێردرێت.

سمكۆ ئەسعەد روونیكردەوە، ئێستا مەترسییەكی راستەقینە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە چ لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەئەنجامی پێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی گەلی هەرێمی كوردستان كە لەدەستوری ساڵی 2005دا چەسپیوە، چ لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە كە بەچاوێكی دژمنكاری سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن.

ناوبراو وتی "واتە گەلی هەرێمی كوردستان جگە لە زەماناتە دەستورییەكان نەبێت كە هەیەتی، ئێستا هیچ دۆخێكی دیكە نەماوە پەنای بۆ بەرێت، بۆیە جگە لەپەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكانیش هیچ بوارێكی دیكەی نەماوە بۆ پاراستنی خۆی".

سەبارەت بەوەی  حكومەتی هەرێم حكومەتی خەڵكی كوردستانە بۆچی مەترسییە بۆ خەڵكەكەی، ئەو پارێزەرە دەڵێت "پەرلەمانتارانی كورد لەبەغداد زۆربەیان سەر بەحیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمن و دەنگ بەكۆمەڵێك یاسا دەدەن، بەڵام ئەو یاسایە لەلایەن هەمان ئەو حیزبانەی كە ئەو پەرلەمانتارانەی ناردووە جێبەجێی ناكەن، ئەمە مەبەستە بۆ بەردەوامیدان بەو كێشە و ململانێیە و مەبەستە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بهێڵنەوە، ئەم هێشتنەوەی دەسەڵاتە لەسەر حسابی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستانە لەهەرێمدا".

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، یاسای بودجەی 2018 و 2019 پەرلەمانتارانی كورد دەنگیان پێداوە بۆ رادەستكردنی نەوت، بەڵام حكومەتی هەرێم جێبەجێی ناكات، ئەی بۆچی دەهێڵێت پەرلەمانتاران دەنگی بۆ بدەن؟، برسیكردنی خەڵك و كۆمەڵگە چ لەلایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقەوە تەنها كێشەكانی نێوان خۆیانە بۆ زاڵبوون بەسەر یەكدیدا، بۆچی گەلی كوردستان ئەو باجە بدات، لەسەر ئاستی عێراق ماوەی 15 ساڵە هیچ كەسێك لەحكومەتی عێراقی دانەمەزراوە.

ماوەیەكە دەوترێت مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە، سمكۆ ئەدهەم لەو بارەیەوە وتی "بێگومان مەترسی لەسەر قەوارەی كوردستان هەیە، لەو نامەیەدا داواكارین لەنەتەوەیەكگرتووەكان بەپێی ئەحكامی فەسڵی 12 و 13 لەپەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان هەرێمی كوردستان بەلیژنەیەكی سپاردنی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكانی بسپێرێت، لەبەرئەوەی قەوارەكە مافی دەستوری گەلی كوردستانە".


PM:03:51:07/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 5100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت