سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کوژرانی هیشام هاشمی ئیدانە دەکات


وێستگەنیوز-

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کوژرانی هیشام هاشمی، چاودێری دیاری سیاسی و پسپۆڕی دۆخی ئەمنی عێراق سەرکۆنە دەکات و ئەو روداوەش وەک "تاوانێک بەرامبەر وشەی ئازاد و ئازادی رادەبڕین" ناو دەبات، هاوکات داواش لە حکومەتی عێراق دەکات لە ماوەیەکی کەمدا بکەرانی ئەو کارە بە سزای یاسایی بگەیەنێت.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند،"تاوانی کوژرانی توێژەر و لێکۆڵەری دیاری عێراق هیشام هاشمی، روداوێکە کە سەدان جاری دیکە وەکو تاوانی کوشتنی رۆڵەکانی عێراق لە خۆپیشاندەران و خاوەن وشە ئازادەکان دووبارە دەبێتەوە".

ئەوەش هاتوە، "ئێمە لە سەرۆکایەتی هەرێم ئیدانەی ئەو پێشلکارییە مرۆییە دەکەین  وسەرەخۆشی لە هاوڕێ و کەسوکاری دەکەین، لە هەمانکاتیشدا داوا لە دەسەڵاتی فیدڕاڵی دەکەین ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا بکات و رادەستی دادگا و  دادپەروەرییان  بکات".

هیشام هاشمی، چاودێری سیاسی و ئەمنی دیاری عێراق شەوی 6ی تەمموز دەستڕێژی گولەی لێکرا و لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەناوچەی زیونەی رۆژهەڵاتی بەغدا کوژرا، ئەو روداوەش کاردانەوەی سەرکردەکانی عێراق و ناوەندە زانستی و رۆژنامەنوانییەکانی لێکەوتوەتەوە و ئیدانەی ئەو رەفتارە دەکەن.




AM:11:10:07/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 5168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو