پارێزگاری هەولێر: قەدەغەی هاتووچۆ رانەگەیەنین وەك شاری (وهان)مان لێدێت

‌د.فرسەت سۆفی

وێستگە نیوز-

پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە، تەندروستی پێیان راگەیاندوون تەندروستی شارەكە بەهۆی تەشەنەكردنی كۆرۆنا لەمەترسیدایە، بۆیە ئەگەر قەدەغەی هاتووچۆیان رانەگەیاندایە وەك شاری (وهان)ی صینیان لێدێت.

دوێنێ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوە و بڕیاریاندا بەڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆی تەواو لەكاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە تا رۆژی 4ی تەموز، لەگەڵ ئاسانكاری بۆ كردنەوەی چەند شوێنێكی پێداویستی هاوڵاتیان و وەرگرتنی مووچە و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان.

د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بەرووداوی راگەیاندووە، دوێنێ دوای ئەوەی گوێبیستی تێڕوانین و داخوازیی تەندروستی هەولێر بوون، ئەوان پێیانوابوو دۆخی هەولێر گەیشتۆتە ئاستێك كە ئەگەر رێكاری توندتر و نوێ نەگرنەبەر، لە چەند رۆژ و رەنگە لە دوو هەفتەی داهاتوو دۆخی شاری هەولێر بگاتە ئاستێك كە لە دەست هەموو لایەك دەربچێت و كارەساتێكی گەورە رووبەرووی شارەكە ببێتەوە، بۆیە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ درا.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە "دوێنێ تەندروستی هۆشداری ئەوەیان بە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر داوە كە ئەگەر قەدەغەی هاتووچۆ رانەگەیەنین شاری هەولێر بەرەو كارەساتێك دەڕوات لەوانەیە لە ووهانیش شتی وا رووینەدابێت، چونكە هەولێر سروشتێكی هەیە، پایتەختە لە شارەكانی دیكەوە خەڵك دێتە ناو شاری هەولێر، سروشتی هەندێك لە گەڕەكە میللییەكان و خەڵكەكەی وای لێدێت رۆژانە بە تووشبوونی 500 كەسیش مەمنوون بین".


PM:05:49:29/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت