عه‌دنان زورفی: نابێت چیتر نا‌وچه‌ی سه‌وز به‌ر مووشه‌ك بدرێت


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی‌ كوتله‌ی‌ نه‌سر له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق هۆشداریی دا له‌ مووشه‌كبارانكردنی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز و رایگه‌یاند: له‌ یاساده‌رچوان له‌ حكومه‌تدا جێگه‌یان نابێته‌وه‌.

عه‌دنان زورفی‌، سه‌رۆكی‌ كوتله‌ی‌ نه‌سر له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر نووسی‌: "حكومه‌ت تاكه‌ ده‌رفه‌ته‌ بۆ گه‌یشتن به‌ كه‌ناری‌ ئارامی‌"، راشیگه‌یاند: "ئیتر شوێنی‌ سه‌كۆی‌ مووشه‌كهاوێژ و له‌ یاساده‌رچوان و ئه‌وانه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌كه‌ن نه‌ما".

سه‌رۆكی‌ كوتله‌ی‌ نه‌سر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ چه‌ك ته‌نها له‌ ده‌ستی‌ ده‌وڵه‌تدا بێت به‌ یاساكانی‌ خۆی‌ نه‌ك یاسای‌ حكومه‌ته‌كانی‌ پێشتر" و هۆشداریی دا و وتی "هۆشداریتان ده‌ده‌مێ‌ له‌ خنكان به‌تایبه‌ت كه‌ ناتوانن مه‌له‌ بكه‌ن".

له‌ چه‌ند شه‌وی‌ رابردوودا هێزه‌كانی‌ دژه‌تیرۆری‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی‌ عیراق له‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ ئه‌منیدا 14 چه‌كداری‌ ئه‌و گروپه‌یان ده‌ستگیركرد و تۆمه‌تبار كران به‌وه‌ی‌ به‌رپرسن له‌ مووشه‌كبارانكردنی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزی‌ به‌غدا.

دواتر چه‌كداره‌كانیان هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر باره‌گایه‌كی‌ هێزه‌كانی‌ دژه‌تیرۆری‌ عیراق، به‌ڵام پێشتر چۆڵكرابوو، هه‌روه‌ك چوونه‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز و به‌ شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت بڵاوبوونه‌وه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عیراق هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ به‌رامبه‌ریان هه‌بێت.


PM:07:39:28/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت