نوێترین زانیاری سەبارەت بەتەندروستی د.مارف عومەر گوڵ كە تووشی كۆرۆنا بووە

‌د.مارف عومەر گوڵ

وێستگە نیوز-

د.مارف عومەر گوڵ كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە ئێستا باری تەندروستی باشە و بڕیارە لەڕۆژانی داهاتوودا نەخۆشخانە جێبهێڵێت. 

كامەران سوبحان، نووسەر و هاوڕێی د.مارف عومەر گوڵ لەفەیسبووك خۆی نووسیویەتی، ماوەی هەفتەیەكە پڕۆفیسۆر د.مارف عومەر گوڵ، شاعیر و ئەكادیمیستی ناودار، بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە، خۆی و هاوسەرەكەی لە ژێر چاودێری تەندرووستیدان، سوپاس بۆ خوا، لە ئێستادا باری تەندروستیان جێگیرە و لە چاوەڕوانی هاتنە دەرەوەیدان لە نەخۆشخانە، بە تەندروستییەكی باشەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لەماوەی چەند ڕۆژی نەخۆشییەكەیدا لە نەخۆشخانە، چەند جارێ بە تەلەفون قسەی لەگەڵدا كردووە و ئەمڕۆش بە تەلەفون قسەیان كردووە و بە ورەیەكی بەرزەوە قسەی كردووە و پشت بە خوا لە یەك دوو ڕۆژی داهاتوودا، نەخۆشخانە جێدێڵێ و سوپاسی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی سلێمانی كردووە كە بە دڵسۆزیی و خەمخۆرییەوە، چاودێری نەخۆشەكانی كۆرۆنا دەكەن.

پڕۆفیسۆر د. مارف عومەر گوڵ، ساڵی 1956 لەگوندی هەشەزینی ناوچەی سەنگاوی قەزای چەمچەماڵ لەدایكبووە و پسپۆڕی یاسای گشتی نێودەوڵەتییە، یەكەمین ئەكادیمیستی كوردە، بە گۆشەنیگایەكی ئەكادیمییەوە، توێژینەوەی لەسەر جینۆساید و جینۆسایدی كورد نووسیووەو لەو بوارەشدا خاوەنی چەندین توێژینەوەو كتێبی دانسقەیە و ماوەیەك ڕاگری كۆلیژی یاسای زانكۆی سلێمانی بووە. و ئێستا سەرۆكی زانكۆی گۆیژەیە لە شاری سلێمانی.

ماوەی هەفتەیەكە تووشبووانی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو روویان لەزیادبوون كردووە كە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە هەزار كەس تووشبوون، پشكی شێریش بەر پارێزگای سلێمانی كەوتووە.


PM:03:52:06/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 9128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت