ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عیراق ده‌نگ له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌ به‌تاڵه‌كانی كازمی ده‌دات


وێستگه‌ نیوزـ

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عیراق كۆببێته‌وه‌ و ده‌نگ له‌سه‌ر حه‌وت وه‌زاره‌تی به‌تاڵی كابینه‌كه‌ی كازمی بدات كه‌ تائێستا پڕ نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی عیراق ئاشكرایكرد كه‌ له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ی حوزه‌یرانی 2020ی په‌رله‌مانی عیراقدا، ده‌نگدان له‌سه‌ر پۆسته‌ وزارییه‌ به‌تاڵه‌كانی حكومه‌تی مسته‌فا كازمی له‌ به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌ماندایه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ناوی كاندیده‌كانی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی حه‌وت وه‌زاره‌تی به‌تاڵی كابینه‌كه‌ی، ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌ تا ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت.

 كاندیده‌كانی كازمی بریتین له‌ فوئاد حسێن - وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، محه‌مه‌د كه‌ریم - وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ عه‌لاء جبوری - وه‌زاره‌تی بازرگانی، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار - وه‌زاره‌تی نه‌وت، حه‌سه‌ن نازم - وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، حاكم سالار - وه‌زاره‌تی داد، ئیڤان فایه‌ق - وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران.

له‌ 6ی  ئایاری رابردوو، په‌رله‌مانی عیراق ده‌نگی به‌ تێپه‌ڕاندنی كابینه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی دا، به‌ڵام تائێستا حه‌وت وه‌زاره‌تی كابینه‌كه‌ی به‌ به‌تاڵی ماون و پڕ نه‌كراونه‌ته‌وه‌.


AM:11:21:06/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت