یەرەكە: لەهێرشی توركیا بۆ گوندی سەفرە دوو گەریلا و سێ وڵاتپارێز شەهید بوون

‌لۆگۆی یەرەكە

وێستگە نیوز-

یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) بەفەرمی شەهیدبوونی دوو گەریلاو سێ كەسی لە بۆردومانەكەی توركیا لە گوندی (سەفرە)ی ناوچەی سلێمانی راگەیاند و  جەختیكردەوە كە "بە بێ هەبونی دەستی خیانەت، دوژمن ناتوانێت بگاتە ئامانجەكانی و كارەساتی لەو چەشنە ڕوبدات".

ئەمڕۆ فەرمانداریی یەكینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان(یەرەكە)، راگەیەندراوێكی سەبارەت بەو هێرشە بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، "شەوی ٢٦ی ئایار لە كاتێكدا دوو هەڤاڵمان لە گەڵ سێ وڵاتپارێز كە بۆ میوانی سەردانی هەڤاڵانی ئێمەیان كردبوو، لەنێو ماشینێكی مەدەنیدا، لە هەرێمی ئاسۆس لەنێو گوندی سەفرە، بە كوردینەی فڕۆكەی سیخۆڕی دەكەونە بەر هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی ئەرتەشی داگیركەری تورك و هەر پێنج شەهید دەبن".

یەرەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو روداوە جارێكی تر سەلماندی كە بە بێ هەبونی دەستی خیانەت، دوژمن ناتوانێت بگاتە ئامانجەكانی و كارەساتی لەو چەشنە روبدات".

هەر لەڕاگەیەندراوەكە باسی لەوەكردووە "لەو هێرشەدا دوو هەڤاڵمان بە ناوەكانی رێباز سنە و زنار بروسك شەهیدبون لەگەڵ سێ وڵاتپارێز كە لە داهاتودا ناسنامەیان بۆ رایگشتی رادەگەیەنن".

بەپێی راگەیەندراوەكە، رێباز سنە، ناوی فەرزاد بەهنەوەرد و خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانەو زنار بروسك-یش، ناوی فەخرەدین عەلی نەژادەو خەڵكی شاری خۆی رۆژهەڵاتی كوردستانە.



PM:04:08:29/05/2020






ئه‌م بابه‌ته 2640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو