تەرمی ژنێك بەخنكاوی دۆزرایەوە

‌وێنەی ژنەكە پۆلیسی راپەڕین بڵاویكردۆتەوە

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تەرمی ژنێك بەخنكاوی دۆزرایەوە و لەسەر رووداوەكەش دوو كەس دەستگیركران و یەكێكیان دانی بەتاوانەكەدا ناوە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بەوێستگە نیوزی راگەیاند، لەشارۆچكەی قەڵادزێ‌ سەرلەبەیانی ڕۆژی 27/5/2020 ژنێكی بەساڵاچوو چارەنوسی نادیار بوو،‌ دوای دوو ڕۆژ گەڕان بەدوایدا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمەكەی بە خنكاوی دۆزرایەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، لەسەر ئەو رووداوە دوو كەس دەستگیركراون كە یەكێكیان دانی بەتاوانەكەدا ناوە و لێكۆڵینەوەش لەڕووداوەكە دەستی پێكردووە.

هەروەها پۆلیسی راپەڕین لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، پاش ئەوەی 27ی ئەم مانگە ژنێكی بەساڵاچوو بەناوی (ئـ. م. ر) لەدایكبووی ساڵی 1943 دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەكی ڕاپەڕین لە ماڵەوە دەچێتە دەرەوە و ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و بۆ ئەم مەبەستەش كەسوكارەكە لە بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەن.

هەر بەپێی راگەیەندراوە، هێزەكانیان بە هاوكاری هێزەكانی ئاسایشی قەڵادزێ و پۆلیسی دارستان و ژینگەی پشدەر هەوڵی دۆزینەوەی دەدەن، بەڵام دوای دوو ڕۆژ گەڕان بەدوایدا دوانیوڕۆی ئەمڕۆ تەرمەكەی لەلایەن مەفرەزەیەكی پۆلیسی دارستان دۆزرایەوە و دواتر هێزەكانیان لە پۆلیسی فریاكەوتن و بنكەی پۆلیسی ژاراوە ئاگادار كرانەوە و تەرمەكە گەیەندرایە نەخۆشخانە.

وەك لەڕاگەیەندراوەكە هاتووە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو ژنە كەوتۆتە ناو ئاوی زێی بچوك و خنكاوە، دوای توێكاری بۆ لاشەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.




PM:03:45:29/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 5556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو