ژووری ئۆپراسیۆنه‌كانی هه‌ولێر: کۆرۆنا گەیشتوەتە قۆناغێكی مەترسیدار


وێستگه‌ نیوزـ

ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر پێنج بڕیاری سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا راگەیاند و هۆشداریش دەداتە هاوڵاتیان كە ئێستا كۆرۆنا گەیشتوەتە قۆناغێكی مەترسیدار و بەشێکی ئەوانەش كە بەمدواییە توشی پەتاكە بوون، باری تەندروستییان ناجێگیرە.

له‌ یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كاندا ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە  دەبێت ئوتومبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی بە سەرنشینەکانیانەوە پابەندی بەستنی ماسک بن و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ "سەرپێچیکاران توشی سزا دەبنەوە."

بڕیارێکی دیکەش تایبەتە بە سەردانکردنی شاری هەولێر و تیایدا هاتووە: "بۆ هاتنی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی ڕێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت کە لەسەر وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناونیشانی (mio.gov.krd) دانراوە."

دەقی بڕیاره‌كانی ژووری ئۆپراسیۆنه‌كانی هه‌ولێر:
 
دوا بەدوای بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2020.5.27، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2020.5.28، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-          
                                                           
یەکەم/ بە پشتبەستن بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی یەک شەممە 2020.5.31 وە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی بەسەرنشینەکانییەوە، دەبێت پابەندبن بە بەستنی (دەمامک) و جێ بەجێ کردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێچەوانەوە سەرپێچی کاران ئەو سزایەیان بەسەردا دەسەپێ کە لە خاڵی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدراوە.                         
 
دووەم/ سەرجەم (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان، بازاڕ و شوێنە گشتیەکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بە جێ بەجێ کردنی گشت ڕێنماییە تەندروستییەکان بە تایبەتی بەستانی (دەمامک) بۆ کرێکاران و خاوەنی دوکان و فرۆشیاران و ئەو هاوڵاتییانەشی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.                 
 
سێیەم/ ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پارێزگاکانی تری عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، چ هاوڵاتی سڤیل بن، یان هێزە ئەمنییەکان، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبن بەوەی لەسەر ئەرکی خۆیان بۆماوەی (48) کاتژمێر کەرنتین بکرێن و دوای دەرچوونی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرونا کە تێچووی پشکنییەکە لەئەستۆی خۆیانە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، یان بڕوانامەی تووش نەبوونیان ڵەگەڵدابێت کەپێش (24) کاتژمێر لەهاتنییان بۆ پارێزگای هەولێر دەرچووبێت، دەبێت لەماڵەوە خۆی کەرەنتین بکات، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانەی لەو پارێزگا و ناوچانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شاری هەولێر ڕێگەیان پێنادرێت.
 
چوارەم/ بۆ هاتنی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی ڕێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت کە لەسەر وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناونیشانی (mio.gov.krd) دانراوە.
 
پێنجەم/ هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تەشەنکردنی زیاتر دایە و سەرچاوەی بەشێک لە تووشبوانی ئەم دوایەش نادیارە و بەشێکی ئەوانەشی لەم دوایەدا توشی ڤایرۆسەکە بوونە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بۆیە داواکارین لە هەموولایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لەشوێنی قەرەباڵغ و هەر جۆرە بەریەککەوتن و کۆبوونەوەیەک بپارێزن و دەمامک ببەستن.  


PM:11:28:28/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 19968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت