ده‌ستبه‌سه‌ر 141 ته‌ن خۆراك و ماده‌ی پاككه‌ره‌وه‌ی به‌سه‌رچوودا گیرا

‌دیمەنی لەناو بردنی مادە بەسەرچووەکان

وێستگه‌ نیوز ـ
قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی نەشیاوی بەکارهێنانیان، لە مانگی رەمەزاندا دەستیان بەسەر 141 ته‌ن خۆراک و ماددەی پاککەرەوە و جوانکاریدا گرتووە، هاوکات بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێریش لەناوبردنی دوو بارهەڵگر خورمای ماوەبەسەرچووی راگەیاند.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی رەمەزانی، لیژنەکانی قایمقامییەت بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستیان بەسەر زیاتر لە 14 ته‌ن خواردن و خواردنەوە و مەوادی جوانکاری و مادەپاککەرەوەکاندا گرتووە.

وتیشی: "لە ماوەی 24ی نیسان تا 23ی ئایار، دەستیان گرتووە بەسەر ئەو خۆراکانەی نەشیاون بۆ خواردن لەوانەش (شیرەمەنی، سەوزە و میوە، چەرەسات، دەرمانی زیاد و کەمکردنی کێش، شیرینی و خواردەمەنی لەقوتونراو). هاوکات، ئەو مەوادە جوانکاری و پاککەرەوانەش کە خراپ و نەشیاون بۆ بەکارهێنان".

ئاماژەی بەوەشکرد، بە فەرمانی قایمقامییەتی سلێمانی و لەلایەن کەسانی شارەزاوە، لە دەرەوەی شار و دوور لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون، مەوادەکان لەناوبراون.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێریش رایگەیاند، دوو بارهەڵگری گەورەی خورمای ماوەبەسەرچوو کە پێشتر دەستیان بەسەردا گیرابوو، لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە لەناوبران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر لە مانگی رەمەزاندا، لیژنەکانی چاودێری خۆراک دەستیان بەسەر دەیان تۆن خواردن و خواردنەوەی ماوەبەسەرچووی دیکەدا گرتووە.

هــ. ر

 


PM:01:30:23/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت