منداڵه‌كانی له‌خوێنه‌كه‌ی خۆش بوون
رۆژنامه‌نوسی كوژراوی سعودی جه‌مال خاشقچی
وێستگه نیوز-
سه‌ڵاح خاشقچی له‌ڕێگه‌ی تویته‌ره‌وه به‌ناوی كوڕانی رۆژنامه‌نوسی كوژراوی سعودی جه‌مال خاشقچی، ڕایگه‌یاند كه له‌خوێنی باوكیان خۆشبوون.
جەمال خاشقچی، رۆژنامه‌نوسی ناسراوی سعودیە لە رۆژی 2ی ئۆکتۆبەری 2018 لە نێو کونسولخانەی سعودیە لە توركیا کوژراو پاشان ته‌رمه‌كه‌ی پارچه پارچه كرا تاوه‌كو پاشماوه‌ی نه‌دۆزرێته‌وه.
سه‌ڵاح خاشقچی كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ڕایگه‌یاند كه ئه‌وان له‌خوێنی باوكیان خۆشبوون و نزا‌و پاڕانه‌وه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خوا پاداشتیان بداته‌وه.
له‌سه‌ره‌تادا حكومه‌تی سعودییه نكۆڵی له‌وه‌كرد كه خاشقچی له‌نێو كونسڵخانه‌ی سعودییه كوژرابێت، به‌ڵام دواتر دانیان نا به‌وه‌ی شه‌ڕی بووه له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی كونسڵخانه‌كه‌و كوژراوه.
له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه فشارێكی زۆر له‌سه‌ر حكومه‌تی سعودییه دروست بوو تاوه‌كو تاوانبارانی ئه‌م كه‌یسه بداته دادگا‌و به‌ئاشكرا دادگایبكرێن، هه‌ر ئه‌وه بوو داواكاری گشتی سعودییه له‌مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2019 بڕیار سزای له‌سێداره‌دانی بۆ پێنج تۆمه‌تبار ده‌ركرد.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه شا سەلمان بڕیاری لادانی ئەحمەد ئەسیری، جێگیری سەرۆکی هەواڵگری سعودیە و سعود ئەلقەحتانی، راوێژکاری بن سەلمانی دەرکرد.
خاشقچی لە ڕۆژنامەی " واشنتن پۆست " ی ئەمەریکی دەینووسی و ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی سیاسەتەکانی شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەگرت، لە مانگی 10 ی ساڵی 2018 دا لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ کوژرا.
دۆسیەکەی خاشقچی کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لەسەر ئاستی جیهان زیانی بە پێگەی سعودیە و شازادە محەمەد بن سەلمان گەیاند، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە لاشەکەی خاشقچی لەت لەت کراوە. هێشتا لاشەکەی نەدۆزراوەتەوە.
AM:11:46:22/05/2020
ئه‌م بابه‌ته 17292
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت