چیرۆکی فیلمی "A Few Good Men"


وێستگه‌ نیوز- سه‌هه‌ند ئالان ره‌ئوف

فیلمی "A Few Good Men" بە ڕووداوێک دەستپێدەکات کە تیایدا دوو سەربازی ئەمریکی لە بنکەی سەربازیی گوانتانامۆ هێرشدەکەنە سەر سەربازێکی تری هاوڕێیان بەناوی "سانتیاگۆ" لە کاتی خەوتنیدا، ئەگەرچی مەبەستی دەستدرێژیکردنەکە کوشتن نییە بەڵام لە ئاکامی کارەکەیاندا سانتیاگۆ گیانلەدەستدەدات.

پاشان ئەم کەیسە دەبرێتە دادگای سەربازی و لێرەوە فیلمەکە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات کە بەوردی هۆکارەکانی پشت ئەم ڕووداوەمان بۆ ڕوونبكاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی هەوڵەکانی ئەو پارێزەرەوە کە "تۆم کروس" ڕۆڵەکەی دەبینێت شانبەشانی دوو هاوڕێی کە بێوچان هەوڵی سەلماندنی بێتاوانیی ئەو دوو سەربازە دەدەن کە تۆمەتبارن بە کوشتنی سانتیاگۆی هاوڕێیان.

ئێستا گرنگە بپرسین دوو سەرباز کە هەڵدەکوتنە سەر هاوڕێیەکیان و دەبنە هۆکاری مردنی، بۆچی دەبێ هەوڵی سەلماندنی بێتاوانییان بدرێ؟

لە بنکەی سەربازیی گوانتانامۆ بە مەبەستی پابەندکردن و ڕێکخستنی سەربازەکان کۆمەڵێک یاسای فەرمی هەن کە هیچ کەس نابێت سەرپێچییان بکات. هاوکات بۆ زیاتر دیسپلینکردنی سەربازەکان یاسایەکی تری نهێنی و ژێربەژێر بوونی هەیە، بەپێی ئەم یاسا نهێنییە کە لە هیچ كام لە یاسا فەرمییەکاندا ئاماژەی پێنەکراوە هەر سەربازێک کارێک بکات دژی بەرژەوەندییەکانی گروپ بێت، ئەندامەکانی تری گروپەکە بۆیان هەیە سزای بدەن لەپای ئەو کارەیدا و بەم 
سزایەش دەڵێن "کۆدی سوور".

هەڵبەت ئێستا ڕوونە کە ڕووداوی هێرشکردنە سەر سانتیاگۆ جێبەجێکردنی فەرمانی "کۆدی سوور" بووە. بەهۆی ئەوەی سانتیاگۆ گیرۆدەی چەند گرفتێکی جەستەیی بوو نەیدەتوانی مەشقەکان بە ڕێکوپێکی ئەنجامبدات، هەربۆیە نامەیەکی بۆ سەروو خۆی نارد کە داوای گواستنەوەی دەکرد لەو سەربازگەیە. ئەو دەیزانی قبووڵکردنی داواکەی لەلایەن فەرماندەکانی سەربازگەکەوە کارێکی ئەستەمە بۆیە لە نامەکەیدا نوسیبووی کە ناوی سەربازێکی هاوڕێی خۆی دەدا پێیان کە یاسا فەرمییەکانی سەربازگەی شکاندووە بەو مەرجەی داوای گواستنەوەکەی قبووڵبکەن.

هەرچەند تا ئێرە سانتیاگۆ هیچ کارێکی نەکردووە دژ بە یاسا فەرمییەکان بێت، بەڵام یاسایەکی تری شکاندووە کە ئەویش یاسا نهێنییەکەیە، با بزانین چۆن!

سانتیاگۆ نیازی ئەوەی هەیە شکات لە هاوڕێیەکی گروپەکەی بکات و تووشی کێشەی بکات، ئەمەش واتە شکاندنی یاسا نهێنییەکە. لە ئەنجامدا لەبری ئەوەی داوای گواستنەوەکەی قبووڵ بکرێ، فەرماندەی بنکە سەربازییەکە کە "جاک نیکڵسن" ڕۆڵەکەی دەبینێت فەرمانی "کۆدی سوور" دەردەکات، فەرمانەکەش دەگاتە دوو سەربازی گروپەکەی سانتیاگۆ و دواتریش ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی لێدەكەوێتەوە کە بە کوشتنی سانتیاگۆ دوایی دێت.

ئەو دوو سەربازەی بە کوشتنی سانتیاگۆ تۆمەتبارن دەکەونە دۆخێکەوە کە لە نێوان گوناهباری و بێگوناهیدا ئەمسەر و ئەوسەر دەکەن و کەیسەکەیان بە ئاسانی یەکلا نابێتەوە، لەلایەکەوە گوناهبارن چونکە هیچ یاسایەکی فەرمی نییە ئاماژە بە "کۆدی سوور" بکات و وا دەردەكەوێت كارێكی نایاساییان كردووە، لەلایەکی تریشەوە بێگوناهن چونکە تەنها فەرمان و یاسایەکیان جێبەجێکردووە کە دەمێکە لەو سەربازگەیەدا بەرقەرارە.

لە دادگاش فەرماندەکانی سەروو خۆیان هەوڵی ئەوە دەدەن خۆیان بێبەری بکەن لە مەسەلەکە و پەردەیەکی ئەستوورتر بەسەر"کۆدی سوور"دا دابەنەوە، تاکو تاوانەکە لە ملی خۆیان نەئاڵێ و تەنها ئەو دوو سەربازە باجەکەی بدەن.

فەیلەسوفی سلۆڤینی "سلاڤۆی ژیژەک" پێی وایە لە هەر کۆمەڵگایەک یاخود گروپێک  یاسایەکی فەرمی و نووسراو هەبێت کە تاکەکان بناسێنێت، لە هەمان کۆمەڵگا و گروپدا یاسایەکی نهێنی و تاریکیش هەیە کە بە نهێنی ئیش دەکات و یەکێتی و یەکڕیزی ئەو تاکانە دەپارێزێت، بەم یاسا نهێنییەش دەڵێت "سوپەرئیگۆ" کە ئەمە جیاوازە لە سوپەرئیگۆ بە واتا فرۆیدییەکەی.

لە وتارێکیدا بە ناونیشانی "What's Wrong With Fundamentalism" باس لەوە دەکات دەوڵەتە سۆشیالیستییەکانی پێشوو دەیانویست ڕووکارە دیموکراسی و سۆشیالیستییەکەی دەوڵەتەکەیان بە چەند یاسایەکی نهێنی و ئاماژە بۆ نەکراو بپارێزن کە تەنیا کاری قەدەغەکردن و فەرمانكردن بوو، هەروەها تاکەکانی دەوڵەتەکەیان فێردەکرد کە چۆن هەندێ لە یاسا فەرمییەکان بەجدی نەگرن. ژیژەک دەڵێت تەنانەت یەکێک لە ستراتیژەکانی ناڕەزایی دەربڕین دژی دەوڵەت لە کۆتا ساڵەکانی دەوڵەتی سۆشیالیستییدا بریتیی بوو لەوەی ئایدۆلۆژیا و یاساکانی دەوڵەت زۆر بەجدی بگرن و لێی لانەدەن.

لە دوا دیمەنی فیلمی "A Few Good Men" فەرماندەی بنکە سەربازییەکە بەهۆی لێهاتوویی پارێزەری دوو سەربازە تۆمەتبارەکەوە دەکەوێتە تەڵەوە و ناچارە دانبنێت بەبوونی ئەو یاسا نهێنییە و فەرمانی "کۆدی سوور"دا، بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانە ئەوەیە کە فەرماندەکە سەرەڕای شکستخواردنی هێشتا بەرگری لەو یاسا نهێنییە دەکات و پێی وایە ئەو یاسایە هۆکاری یەکڕیزی و سەقامگیریی سەربازگەکەیە.

فەرماندەکە بە پارێزەرەکە دەڵێت ئێوە بە ئیسراحەت لێرە دانیشتوون و قسەی زل ئەکەن، ئەوە ئێمەین سنگمان ناوە بە گوللەی دوژمنەوە و ژیانی ئێوە دەپارێزین لە شەڕ و کوشتار و خراپەکاری، هەرچۆنێک کاروباری خۆمان ڕێکدەخەین مافی ئێوە نییە تەداخول بکەن و ئێمە خۆمان باشتر دەزانین چۆن بتانپارێزین.

ئەوەی سەیرە ئەوەیە خودی ئەو یاسا نهێنییەی کە فەرماندەکە بەرگری لێدەکات بۆ ڕێگەگرتن لە خراپەکاریەکان، دەبێتە هۆکاری خراپە و بگرە کوشتنیش وەک لە حاڵەتەکەی سانتیاگۆدا بینیمان.

هەڵبەت ئەم "کۆدی سوور"ە لە زۆر شوێنی تر و بە زۆر شێوەی تر بوونی هەیە و درێژە بە یەکڕیزی و یەکێتی گروپە جیاوازەکان دەدات، ئەم یاسا نهێنییە وەک درۆیەکی گەورەیە کە هەمووان باوەڕیان پێی کردووە تاکو گروپێکی یەکڕیز و بەهێز بن، بەڵام هەرکات بەر سنوورەکانی ئەم درۆیە دەکەون دەکەونە ناو گێژەنێکەوە کە خۆشیان نازانن ئیدی چۆن نکوڵی لە بوونی ئەم یاسایە بکەن.

ئەمە بەتەواوی لە چیرۆکی "جلە تازەکانی ئیمپڕاتۆر"ی هانس کریستیان ئەندرسندا ڕوون دەبێتەوە، کە کاتێک ئیمپڕاتۆر بە ڕووتی بە شاردا دەگەڕێت و وا دەزانێ جلێکی خەیاڵیی لەبەردایە، خەڵکەکەش هەموو ئیمپڕاتۆر بە ڕووتی دەبینن بەڵام هەموو وا خۆیان دەردەخەن کە ئیمپڕاتۆر ڕووت نییە و جلە تازەکانی لەبەردایە، درۆیەک کە ناچارن بیکەن تا یەکڕیزی خۆیان لەژێر دەستی ئەو ئیمپڕاتۆرەدا بپارێزن. تا لەپڕ منداڵێک هاواردەکات ئیمپڕاتۆر ڕووتە، ئا لەوێدا خەڵکەکە بەر سنوورەکانی درۆکەیان دەکەون و هیچیان نازانن چۆن ڕەفتار بکەن.

وەک وتمان لە زۆر حاڵەتی تردا درک بەم یاسا نهێنییە دەکەین، بۆ نموونە ژن کوشتن گەرچی بەپێی یاسا فەرمییەکان ڕێگەپێنەدراوە و بکەرانیشی دەبێت توندترین سزا بدرێن، بەڵام هێشتا لە ڕۆژهەڵات پڕۆسەیەکی بەردەوامە بەبیانووی پاراستنی شەرەف و زۆرجاریش بکەرانی لەدەستی یاسا ڕزگاریان دەبێت، ئایا دەکرێ بپرسین کۆمەڵگای پیاوسالاری کوشتنی ژن و پاراستنی شەرەف وەک درۆیەکی گەورەی تر بەکاربێنێت لەپێناو یەکڕیزی و بەردەوامبوونی خۆیدا؟

وەک ژیژەک ئاماژەی پێدەدات، درۆیەکی گەورە زۆر کاریگەرترە بۆ پێکەوەبەستنی گروپێک تا هەقیقەتێک.


AM:09:54:15/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 3616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت