داوای لێخۆشبوون لەكرێی موڵك و باج و كرێی ئاو و كارەبا دەكات


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەڕێگەی شەش خاڵەوە چەند داواكارییەك ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات یەكێكیان لێخۆشبوونە لەكرێی موڵكەكان و باج و كرێی ئاو و كارەبا.

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەڕێگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردۆتەوە و وێنەی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە رایگەیاندووە، بەهۆی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكرێی موڵكەكانی و باج و كرێی ئاو و كارەبای هاوڵاتیان و مۆڵ و بینا بازرگانییەكان و بازاڕەكانی خۆش بێت بۆ چەند مانگێك، تاكو بتوانن داوا لەخاوەن موڵكە تایبەتەكان بكەن كە لەكرێی دوكان و بازاڕەكانیان خۆش بن بەوەش كەمتر فشار و زیان بەر كاسبكارەكانیان بكەوێت.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە، پاڵپشت بەیاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 داواكارن لەحكومەتی هەرێم لەڕێگای بودجەی تەرخانكراو بەخشینی هاوكاری سەرمایەدارە نیشتمانییەكان یارمەتی و هاوكاری پێشكەشی زیانلێكەوتووان بكات بەتایبەت كاسبكاران بەچاودێری ئەنجومەنی پارێزگا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەكانیش هاتووچۆی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستییەكانیان بەمیكانیزمێكی گونجاو چارەسەر بكەن.

هەر لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، داواكارن لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەپێدانی سوپاس و رێزلێنان بۆ ئەو پزیشك و كارمەندانەی تەندروستی كە لەماوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا لەئەركدا بوون بەشێوەیەك كە ببێتەهۆی پێشخستن (قدم) یان هاوكاریكردنیان.

لەكۆتاییدا دەڵێت "داواكارین لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەپێدانی سوپاس و رێزلێنان بۆ هەموو ئەو هێزانە لەهێزەكانی (پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ) كە لەماوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا لەئەركدا بوون بەشێوەیەك كە ببێتەهۆی پێشخستن (قدم) یان هاوكاریكردنیان".


PM:02:18:09/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو