داوای روونكردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی كۆمه‌كی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوز ـ

لیژنه‌ی رۆشنبیری و وه‌رزش و لاوانی په‌رله‌مانی كوردستان داوا ده‌كات ماف و هه‌لی یه‌كسان بڕه‌خسێت له‌ خزمه‌تكردنی هاونیشتمانیان له‌ دابەشكردنی ئەو كۆمەكانەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پێشكەشی خەڵكی كوردستانی دەكەن.

لیژنه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، ستایشی هەوڵ و دڵسۆزیی سەرجەمی ئەو رێكخراو و دەزگا خێرخوازییانە دەكات، كە لە ماوەی رابردودا، خزمەتی جیاجیایان پێشكەشی هاونیشتمانیان لە هەرێمی كوردستان دا كردوە و هاوكات پشتیوانی لە یاداشتی ئەو رێكخراوانەی كۆمەڵگەی مەدەنیی لە كوردستان دەكات، كە داوادەكەن ماف و هەلی یەكسانییان بۆ بڕەخسێنرێت لە خزمەتكردنی هاونیشتمانیان و دابەشكردنی ئەو كۆمەكانەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پێشكەشی خەڵكی كوردستانی دەكەن".

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "لیژنەكەمان داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی باڵای ئەم كابینەیەی حكومەت دەكات: لە سۆنگەی ئەو ماف و بەرپرسیارێتییە یەكسانییەی بەپێی یاسا و لەرێی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان-ەوە بۆ دەزگا خێرخوازیی و رێكخراوە ناحكومییەكان زامنكراوە، ئاسانكاریی بۆ سەرجەمی رێكخراوە خێرخوازییەكان بكەن بەبێ‌ جیاوازیی، تا زۆرترین خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دا، پێشكەشی هاونیشتمانیان بكرێت، بەتایبەتیی لەم دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان دا، كە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی"كۆرۆنا"وە، هاوڵاتیان پێویستیان بە خزمەتكردنی زیاترە".



PM:11:05:08/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 1948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت