رێژەی مردن لە ئەیوان سێ هێندەی شارەکانی دیکەی ئێرانە

‌ سوپای ئێران دەرمانی دژەڤایرۆس بە شاری ئەیواندا دەڕشێنن

وێستگه‌ نیوز- رووداو 

شاری ئەیوان لە پارێزگای ئیلام زۆرترین رێژەی مردنی بە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) لە ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. لەو شارە 21٪ی ئەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا بوون گیانیان لەدەستداوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە شێوەی مامناوەندی ئەو رێژەیە لە ئێران 7%ـە.
 
سوپای ئێران دەرمانی دژەڤایرۆس بە شاری ئەیواندا دەڕشێنن. هەر ئۆتۆمبیلێکیش بێتە نێو شار بەویشیدا دەڕشێنن، بەڵام بەپێی ئامارەکان هەوڵەکانی ئەوان لەو شارەدا زۆریش کاریگەر نەبووە. دەرمانڕێژکردنی شەقامەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە کۆنترۆڵی کۆرۆنادا نییە. ئەگەر کاریگەریی هەبووایە ئامارەکانی کۆرۆنا لەو شارە بچووکەدا نەدەبوو هێندە زۆر بوونایە. 
 
شاری ئەیوان دوای شاری ئیلام وەک ناوەندی پارێزگا، بەپێی ژمارەی کەمیی دانیشتوانەکەی کە کەمتر لە 50 هەزار کەس لەو شارە و گوندەکانی دەوروبەریدا دەژین، بەرزترین ئاماری تووشبووان و مردن بە کۆرۆنای هەیە. بەپێی ئاماری فەرمی، تاوەکو ئێستا 61 کەس لەو شارەدا تووشبووی کۆرۆنان و 13 کەس گیانیان لەدەستداوە لە کۆی 33 کەس کە لە پارێزگای ئیلام گیانیان لەدەستداوە. بەڵام ئەو شتەی کە زیاتر مایەی نیگەرانییە، ژمارەی بەرزی گیانلەدەستدانە بەهۆی کۆرۆناوە. لەو شارەدا 21%ـی تووشبووان بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن. کەچی رێژەی گیان لەدەستدان لەسەر ئاستی گشتیی ئێران نزیکەی 7%ـە.
 
سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەوە نیگەرانی و ترسی زۆری لەنێو خەڵکی ئەو شارەدا دروستکردووە کە هەر ئەوە خۆی قەیرانێکی گەورەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی شاری ئەیوان پێیانوایە کاری ئەوان تەنیا دەرمانڕێژکردنی شوێنە گشتییەکانە.
 
محەممەد کەریمیان، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام ئاماژە بەوە دەکات، لە پەیوەندی لەگەڵ کۆرۆنا لە پارێزگای ئیلامدا شتێک نییە کە جێی نیگەرانی بێت.
 
حەیدەر نیعمەتی، جێگری پارێزگاری ئیلام باس لەوە دەکات، بۆ ئەوەی کۆرۆنا لە ئەیواندا کۆنترۆڵ بکرێت، دەبێت مەودای کۆمەڵایەتی بپارێزرێت و یەکەی پیشەیی و دوکانە ناپێویستییەکانی شارەکە دابخرێن.
 
رۆژی سێشەممەش قاسم سولەیمانی دەشتەکی، پارێزگاری ئیلام کە سەردانی ئەیوانی کرد، داوای کرد، خەڵک نیگەران نەبن و ئەگەر نیشانەیەکیان هەبوو سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکەن. 
 
بەڵام ئەوە رێکارێک بۆ کۆنترۆڵی کۆرۆنا نییە. لە شارەکانی وەک ئەیوان خەڵک هاتووچۆیان پێکەوە زۆرە و ئەوەش کۆنترۆڵی کۆرۆنا ئەستەم دەکات.


PM:02:22:08/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت