سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوی عێراق لێدوانێکی پڕ مەترسی لەسەر مووچە بڵاوکردەوە

‌عەدنان زورفی

وێستگه‌ نیوز ـ
عەدنان زورفی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو حکومەتی عیراق نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی پێ دابین ناکرێ.
 
عەدنان زورفی، شەوی رابردوو، لە دیمانه‌یه‌كدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعێراقیەی نیمچه‌ فه‌رمی عیراق رایگەیاند: "مانگی داهاتوو حکومەت نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی پێدابین ناکرێت، چونکە داهاتی نەوت کەمبووە، وەک وەزیری نەوت رایگەیاند عیراق ئێستا نەوتەکەی بە زەرەر دەفرۆشێت".  
 
سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "لەپاڵ ئەمە، عیراق قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەرە، کە سوویان دێتە سەر، لەپاڵ ئەوەی خەرجیی سەروەریی هەیە کە دەبێت دابینیان بکات و ناکرێ دوابخرێن، ئەمە جگە لە قەرەبووی فەرمانبەران".
 
سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو خەرجی و داهاتەکانی حکومەتی ئاشکرا کرد و وتی: "لەگەڵ قەرەبووی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکان، عیراق مانگانە پێویستی بە چوار تا پێنج تریلیۆن دینار هەیە، کەچی هەموو داهاتی ئەم مانگەمان ناگاتە دوو تریلیۆن، رەنگە کەمتر لە دوو تریلیۆنیش بێت".
 
سەبارەت بە دامەزراندنی فەرمانبەرانیش بە تایبەتی لەلایەن وەزارەتی کارەباوە، زورفی وتی: "دامەزراندنی 90 هەزار کەس لە وەزارەتی کارەبای عیراق بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی گاڵتەکردنە بە خەڵکی".
 
هەروەها مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری ئابووری عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق رایگه‌یاند: "نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بودجەی 2020 بە 56 دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام دوای دابەزینی نرخەكانی نەوت چاو بە پەیكەربەندی بودجەدا دەخشێندرێتەوە بەو پێیەی 90%ی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت".
 
مەزهەر محەممەد ساڵح سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وتی: "بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و پرۆژە گرنگەكان دابین دەكرێت، پرسەكانی دیكەش بۆ بودجەی ساڵی 2021 دوادەخرێن".
 
سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی عیراق لە مانگی ئازار بەراورد بە مانگی شوبات، داهاتی نەوت بۆ نزیکەی نیو ئەوەندە دابەزیوە.
 
وەزارەتی نەوتی عیراق ئامارەکانی هەناردەی نەوتی بۆ مانگی ئازار بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکان عیراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بازاڕکردن و فرۆشتنی نەوت، 105 ملیۆن و 102 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە کۆی داهاتەکەشی نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە، کە بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێیاق بەرمیلێک نەوت بە 21 دۆلار فرۆشراوە.


هــ. ر


PM:01:08:07/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 13272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت