رێگایه‌كی كۆن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كۆرۆنا تاقیده‌كرێته‌وه‌

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
لە سبەینێوە توێژەرانی فەڕەنسا پلازمانی کەسی چاکبووەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک چارەسەر لەسەر توشبووانی کۆرۆنا تاقیدەکەنەوە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی سکای نیوز، پەیمانگای نیشتیمانی بۆ توێژینەوە تەندروستییەکان لە فەڕەنسا، رایگەیاندووە "بەهۆی دروستبوونی دژە تەن (antibody) لە جەستەی ئەو کەسانەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، پلازمای خوێنی ئەو کەسانە بۆ چارەسەرکردنی کەسانی توشبوو بە کۆرۆنا بەکاردەهێنن، بە ئامانجی ئەوەی بەرگری جەستەی توشبووەکان بەهێزبکرێن".

ئەو پەیمانگایە راشیگەیاندووە، "پێدەچێت بتوانرێت ئەم رێگایە بۆ چارەسەری ئەو توشبووانە بەکاربهێنرێت کە باری تەندروستییان ناجێگیرە".

سبەینێ وەک یەکەم قۆناغی توێژینەوەکە، لە شاری پاریس و رۆژهەڵاتی فەڕەنسا سامپڵ لە پلازمای 200 کەس وەردەگیرێت، 60 نەخۆشی کۆرۆناش لە نەخۆشخانەکانی پاریس بەشداری لە تاقیکردنەوەکەدا دەکەن کە نیوەیان پلازمای کەسی چاکبووەوەیان پێدەدرێت و لەدوای یەک بۆ سێ هەفتەی دیکە ئەنجامی توێژینەوەکە رادەگەیەندرێت.

بەکارهێنانی پلازمای کەسی چاکبووەوە لە چارەسەرکردنی نەخۆشیدا رێگایەکی کۆنی چارەسەرەکانە کە زیاتر لە 100 ساڵە دژی ڤایرۆسەکان بەکارهاتووە، هەر لە ئەنفلۆنزای ساڵی 1918وە تا دەگاتە سورێژە لە 1930یەکاندا و ئیبۆلاش لە 2014.

هــ. ر


PM:02:27:06/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 3680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت