له‌ نیۆرك گیان له‌ ده‌ستدان به‌ كۆرۆنا كه‌می كرد

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
بۆ یەکەمجار لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژمارەی توشبووان و گیانلەدەستدان لە ویلایەتی نیویۆرک کەمیکرد.

ماڵپەڕی بی بی سی، بڵاویکردەوە، ئاندرو کوۆمۆ حاکمی نیویۆرک رایگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا هەشت هەزار و 327 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتی نیویۆرک تۆمارکراوە، 594 کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

راشیگەیاند، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لەو ویلایەتە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون گەیشتووەتە 122 هەزار کەس، 75%ی توشبووانیش چارەسەریان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.

وتیشی: "تا ئێستا چوار هەزار و 159 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە نیویۆرک تۆمارکراوە، بەوەش نیویۆرک زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەراورد بە ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا تیادا تۆمارکراوە".

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان لەو ناوچانەی ئەمریکا کە لە رابردوودا زۆرترین حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە ئاماژەیەکی ئومێدبەخشە، بەڵام هۆشداریشیدا لەوەی "لە چەند رۆژی داهاتوودا حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا دەگاتە لوتکە".

ئەمریکا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهاندایە لە رووی بەرزی ژمارەی توشبووانەوە، تا ئێستا 336 هەزار و 830 حاڵەتی توشبوون و نۆ هەزار و 618 حاڵەتی گیانلەدەستدان لەو وڵاتە تۆمارکراون، نزیکەی 18 هەزار کەسیش بە تەواوی چاکبوونەتەوە.



AM:09:46:06/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 1592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو