لە 18 رۆژدا 100 گێگا بایت وێنە و ڤیدیۆی كاتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای تۆماركردووە

‌فایەق حەمەساڵحی فۆتۆگرافەر تەمەنی 59 ساڵە لەگەڕەكی سەركارێز لەشاری سلێمانی لەدایكبووە



وێستگە نیوز-  پشتیوان جەمال

لەگەڵ راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەڕۆژی 14ی ئازار، ئەم فۆتۆگرافەرە رۆژ و شەوی خستۆتە سەر یەك بۆ تۆماركردنی كاتەكانی چۆڵی شەقام و كۆڵانەكان و چركەساتە مێژووییەكان و تا رۆژی 18ی یەمینیش نزیكەی 100 گێگا بایت وێنە و ڤیدیۆی تۆمار كردووە.

فایەق حەمەساڵحی فۆتۆگرافەر تەمەنی 59 ساڵە لەگەڕەكی سەركارێز لەشاری سلێمانی لەدایكبووە، ئەم فۆتۆگرافەرە قژ ماش و برنجییە زۆربەی كات كامێراكەی بەدەستەوەیە، خۆ ئەگەر كامێراشی پێ نەبێت بەمۆبایلەكەی دەستی چركەساتەكان تۆمار دەكات.

ئەو، ماوەی 36 ساڵە لەسەر ئەم كارەی بەردەوامە و تەنانەت وێنەكانی كاتی راپەڕینی ساڵی 1991یشی هەمووی پاراستووە و بەوتەی خۆی، فۆتۆكانی راپەڕینی بەكامێرای قەرز تۆماركردووە، چونكە نەیتوانیوە كامێرا بكڕێت.

فایەق حەمەساڵح، لەڕۆژێكی گەرمەی كاریدا لەنێو سروشتی باخی گشتی سلێمانی قسەی بۆ وێستگە نیوز كرد و سەرەتا بەباسێكی مێژوویی نەتەوەی كورد سەبارەت بەئەرشیفكردنی رووداوە مێژووییەكان دەستی پێكرد و دەیوت، گرنگە كورد بیری بێت بەدرێژایی مێژوو هەمیشە قەرزارباری رۆژهەڵاتناسەكانە كە بەشێك لەو كەسانە رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەر و دیبلۆماتكار بوون، بەدرێژایی مێژوو كاریان لەسەر بەدۆكیومنێتكردنی بەڵگەنامەكانی كورد كردووە، ئەگەر ئەوانە نەبونایە ئێستا كورد مێژوویەكی زۆر كەمی دەبوو.

ئەم فۆتۆگرافە باسی سۆزان میسیلاس رۆژنامەنووسێكی بەناوبانگی ئەمەریكی كرد كە ساڵی 1991 كارێكی بەڵگەنامەیی لەسەر كۆڕەوی گەلی كورد كردووە و كتێبێكی بڵاوكردۆتەوە و پاشان بۆتە هاوڕێی خۆی.

فایەق حەمەساڵح وتی "سۆزان لەو كتێبەیدا و لەیەكێك لەڕستەكانی دەڵێت، بەداخەوە كورد یەكێكە لەو میللەتانەی كەمترین ئەرشیفی مێژوویی هەیە، ئەوەشی هەیە ئەو رووداوانەی ئەرشیفكراون بەشێكی سوتاون یان بەشێكی خراونەتە ژێر گڵەوە و هەندێكیشی ماوەتەوە".

ناوبراو دەڵێت "كورد مێژوویەكی نووسراوی هەیە، بەڵام ئێمە دەبێت كار لەسەر ئەوە بكەین ئەو مێژووە بكەین بەبینراو، ئەم كارەی من لەڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ و 17ی شوبات و كۆرۆنا بەو ئاڕاستەیە ئیش دەكات ئەو مێژووە بكەینە بینراو بەپشبەستن بە بابەتیبوون و وردبینی".

تائێستا شاری سلێمانی چوار مێژووی جیاوازی بەخۆوە بینیوە كە بۆ رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەران كاتی ئاڵتونی بووە بۆ تۆماركردنی ئەو مێژووانە، ئەوانیش راپەڕین، شەڕی ناوخۆ، رۆژانی 17ی شوباتی 2011 و رۆژانی دوایی، ئێستای ڤایرۆسی كۆرۆناش، بەڵام ئەم قۆناغەی ئێستا زۆر جیاوازترە، لەبەرئەوەی شەقامەكان چۆڵن و دەبێت مرۆڤ لەماڵەوە بێت بۆ ئەوەی تووشی ڤایرۆسەكە نەبێت.

فایەق حەمەساڵح شاهیدحاڵی هەر چوار قۆناغەكەیە و سەردەمی كۆرۆنا بەزۆر جیاوازتر لەقۆناغەكانی پێشتر ناودەبات و دەڵێت "بۆ نموونە لەكاتی 17ی شوبات ئەگەر پێنج یان 10 هەزار كەس لەبەردەركی سەرا بوایە دەمانوت چۆڵە، چونكە ئیشمان لەسەر كەسایەتییەكان دەكرد كە ئەوانە كێن؟، واتە ئیشی فۆتۆگرافەر دەبوو مرۆڤی تێدا بێت، بەڵام ئێستا رێك پێچەوانەكەیەتی شوێن گرنگە كە هیچ كەسێكی تێدا نەبێت بۆ ئەوەی بەخەڵك بڵێین ئەگەر لەم شوێنە نەبیت پارێزراویت، بۆ نموونە بەمێژووی شاری سلێمانی هیچ كاتێك مزگەوتی گەورە دانەخراوە، بەڵام ئێستا قفڵی پێوەیە".
  
ئەم فۆتۆگرافە رۆژانە چركەساتەكان تۆمار دەكات دیمەنی تۆماركردنی یاریگای سلێمانی سەرنجی راكێشاوە كە هیچ یاریزانێكی لێ نەبووە یاری بكەن و چۆڵە، ئەوەش دڵخۆشی كردووە كە خەڵك دەیەوێت لەم ڤایرۆسە خۆیان بپارێزن تا خەڵكی دیكەش بپارێزن، كاتێك لێی دەپرسیت لەم ماوەیەدا چەند فۆتۆ و ڤیدیۆت تۆماركردووە دەڵێت "تا 18 رۆژ 100 گێگا بەفۆتۆ و ڤیدیۆ بەڵگەنامەكانم تۆماركردوون".

ئێستا بۆ بەرگریكردن لەمرۆڤ لەم ڤایرۆسە تیمەكانی تەندروستی بەپزیشك و كارمەندانی تەندروستی لەڕیزی پێشەوەن، فایەق 16 رۆژ كاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی كردووە و دەڵێت "ئەو كەسانە زۆر دڵسۆزانە كار دەكەن، ئەگەر پێشتر سەركردەكان بەچەك بەرگرییان لەكورد كردبێت، ئێستا ئەو سەركردە و سەربازانە بۆ پزیشك و كارمەندی تەندروستی گۆڕاون كە جلی شینییان لەبەردایە و تیوبیان پێیە واتە بەپێی مێژوو رەمزەكانیش دەگۆڕدرێن".

فایەق خۆی دوكانی كارەبایی هەیە و ساڵانێكی زۆریشە كاری خۆبەخشی دەكات، لەم كاتەشدا كە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە كەسانێكی زۆر بێكار بوون، ئەو لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی فۆتۆگرافی و كەسی دیكە چەند رۆژێك سەرقاڵی گەیاندنی كۆمەك بوون بۆ ماڵە هەژارەكان.

ناوبراو وتی "لەم ماوەیەدا لەلایەن ژمارەیەك كورد لەدەرەوەی وڵات و بەرپرسێكی یەكێتییەوە پارەیان پێدراوە و ئەوانیش خۆراكیان بۆ چەندین خێزانی كەمدەرامەت دابینكردووە".


AM:10:31:03/04/2020


















ئه‌م بابه‌ته 7260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو