داڵەكەی عێراق لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە..؟

‌مستەفا كازمی لە دوای ٢٠٠٣ وەك بەرپرسی دیسكی عێراقی پێگەی هەواڵی مۆنیتۆری ئەمەریكی كاری كردووە

وێستگه‌ نیوز- ئا: سه‌نگه‌ر سه‌ید قادر

زۆرینەی لاینە شیعەكان بەسەر پەرشتی سماعیل قائانی لە كۆبوونەوەكەی درەنگانی ئەمشەودا لەسەر مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق ڕیكەوتوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران،.

كازمی تا ئێستا ڕازی نەبووە بەوەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران و بۆ ڕازی بوون مەرجی ئەوەی داناوە كە دەبێت هەموولایەنە عیراقیەكان ڕەزامەندی لەسەر كاندید كردنی ڕابگەیەنن ئەوكات ئامادەی خۆی بۆ كاندید بوون ڕادەگەیەنێت

مستەفا كازمی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پیشتر وەك ڕاپۆرت ساز و دواتر وەك بەرپرسی دیسكی عێراقی پێگەی هەواڵی مۆنیتۆری ئەمەریكی كاری كردووە و دواتر وەك سەرۆكی دامەزراوەی بیری عێراقی بۆ ئەرشیف كردنی تاوانەكانی سەدام و دامەزراوەی دایەلۆگی مرۆڤاتی كاریكردوە

ساڵی ٢٠٠٩ وەك ڕاوێژكاری دەزگای هەواڵگری بۆ كاروباری ئەرشیف و ڕاگەیاندن كاری كردووە و ساڵی ٢٠١٦ وەك سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق دەستنیشان كراوە

لەكاتی شەڕی داعشدا ڕۆڵی گرنگی هەبووە و ئەڵقەی پەیوەندی و هەماهەنگی حەشد و ئێران لەگەڵ ئەمەریكادا بووە و لە كۆتای ساڵی ڕابردوودا وەك كاندیدی سەدر بۆ سەرۆكایەتی حكومەت دەستنیشاكرا بەڵام لە كاتژمێرەكانی كۆتایدا گۆڕدرا

كازمی پیشتر نزیكایەتیەكی زۆری لەگەل سەركردەكانی پارتی و یەكێتیدا هەبووە و بەهۆی كاری ڕۆژنامە نوسیەوە ئاشنایەتی لەگەڵ زۆرینەیان هەبووە و مایەكی زۆر لە هەولێر ژیاوە.

له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئازار، حزبوڵای عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا دژایه‌تیی خۆی بۆ كاندیدكردنی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی عیراق نیشاندا و تۆمه‌تباری كرد به‌وه‌ی هاوكاریی ئه‌مریكای كردوه‌ له‌ كوشتنی قاسم و سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌بو عه‌لی عه‌سكه‌ری، به‌رپرسی ئاسایشی حزبوڵای عیراق رایگه‌یاند هه‌ندێك لایه‌ن باس له‌ كاندیكردنی مسته‌فا كازمی ده‌كه‌ن كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ هاوكاریكردنی "ئه‌مریكای دوژمن" بۆ جێبه‌جێكردنی پیلانی كوشتنی سوله‌یمانی و موهه‌ندیس.

وتیشی، كاندیدكردنی كازمی راگه‌یاندنی جه‌نگه‌ به‌سه‌ر گه‌لانی عیراق و سوتاندنی پاشماوه‌ی ئه‌و ئارامی و ئاسایشه‌یه‌ كه‌ هێشتا عیراق به‌هۆیه‌وه‌ له‌سه‌ر پێی خۆی وه‌ستاوه‌.

عه‌سكه‌ری راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ محه‌مه‌د عه‌لاوی باشی كرد له‌ كاندیدبوون بۆپۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كشایه‌وه‌، چونكه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ گه‌وره‌تر بوو له‌ تواناكانی، بۆیه‌ باشتره‌ بۆ عیراق عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ده‌ست نه‌دات و بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پێگه‌ سروشتییه‌كه‌ی خۆی.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بوو له‌ په‌یامێكی ته‌له‌فزیۆنیدا كه‌ كاتژمێر 12ی شه‌وی كۆتایی‌ مانگی‌ شوبات له‌ كه‌ناڵی فه‌رمیی عیراقییه‌وه‌ پێشكه‌شی كرد، محه‌مه‌د عه‌لاوی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق راگه‌یاند و ئاشكرایكرد كه‌ به‌ڵێنی دابوو نه‌چێته‌ ژێر هیچ فشارێك، وتیشی: كه‌ له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه‌، دووچاری زۆر پرسی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بووه‌ته‌وه‌.


تێبینی/ دەزگای هەواڵگری عێراق ساڵی ٢٠٠٣ زوهیر غەرباوی و محمد شەهوانی لە ئێرانەوە گەڕانەوە و لە سەرداوای ئەمەریكیەكان ئەركی دروستكردنەوەی دەزگای هەواڵگری عیراقیان پێسپێردرا( ڕوونە).
-


AM:10:23:03/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 3296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت