تەندروستی جیهانی ماوەی چاکبوونەوە دوای توشبوون بە کۆرۆنا ئاشکرا دەکات



وێستگە نیوز- 
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەخت لەوە دەکاتەوە هەرکەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت ٢٠ رۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی بە تەواوی چاکدەبێتەوە. 

تاریق یاساریفیتش، وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ هەینی ٢٨ ی ٢ ی ٢٠٢٠  ڕایگەیاند، " بەپێی پێوەرەکانمان هەر کاتێک نەخۆشێکی تووشبوو بە کۆرۆنا دوای دوو پشکنینی لەسەر یەک کە نەگەتیڤ دەربچێت ئەوە بە چاکبووەوە لەو ڤایرۆسە هەژمار دەکرێت، نێوانی هەردوو پشکنینیەکەش دەبێ ٢٤ کاتژمێر بێت". 

وتیشی، " بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەبەردەستماندایە ماوەی چاکبوونەوەی هەر توشبوویەک دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە ٢٠ ڕۆژە". 

ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە وردی چاودێری ئەو نمونانە دەکات کە باس لەوە دەکرێت کە دوای چاکبوونەوەیان دووبارە تووشی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە. 

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە ٨٠ ی ئەو کەسانەی تووشبوون چاکبوونەتەوە  تەنانەت بەبێ ئەوەی چارەسەری تایبەتیش وەربگرن. 

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا لە زیاتر لە ٤٠ وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوەو ٨٤ هەزار و ١٣١ کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لە ژمارەیەش لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی تێیدا بڵاوە ٢٨٧٦ کەس گیانیان لەدەستداوە،  ٣٦ هەزار و ٤٤٤ کەسیش کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون چاکبوونەتەوە. 






PM:11:41:28/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 50064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت