ئەنجامی پشکنینی ٤٥ کەس لە سلێمانی کە بە گومانی کۆرۆنا لەژێر چاودێریدا بوون، گەڕایەوە


وێستگە نیوز- 

ئەنجامی پشکنینی ٤٥ کەس کە لە شاری سلێمانی لەژێر دەستبەسەری پزیشکی "کەرەنتینەدا" بوون بە نەگەتیڤ گەڕایەوەو هیچ کام لەوان تووشی کۆرۆنا نەبوون. 

ئەو ٤٥ کەسە لە گوندی سەناریای گەشتیاری لەژێر چاودێری پزیشکیدان و تا ئێستا و لە دوای گەڕانەوەیان لە مەرزی باشماخەوە سێ پشکنینیان ئەنجامداوەو هەموو پشکنینەکان " پاک " دەرچوون. 

عیسا مستەفا، کە پیشەی پارێزەرە و لەو کەسانەیە کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە مەرزی باشماخەوە گەڕاوەتەوەو  لە گوندی سەناریای گەشتیاری لە سلێمانی لە ژێر چاودێریدایە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگە وتی، " سوپاس بۆ خوا ئەنجامی پشکنینەکانمان دەرچوو و کەس لە ئێمە کە ژمارەمان ٤٥ کەسە و لە مەرزی باشماخی هاوسنوریی ئێرانەوە گەڕاوینەتەوە پاک دەرچووە" . 

وتیشی، " سەرەتا یەکەم پشکنینمان لە مەرزی باشماخ بوو کە پاک دەرچوو، دواتر پشکنینێکی دیکەشمان ل سلێمانی هەر پاک دەرچوو، دوێنێش سێیەم پشکنینمان کە لە ڕێگەی لوتەوە بۆمان کرا هەر پاک دەرچوو". 

عیسا مستەفا وتی، " ئیدارەی بەڕێوەبەرانی ئەم شوێنە پێیان وتین ئێوە کێشەتان نیە و تووشی کۆرۆنا نەبوون، ڕەنگە سبەی یان دوو سبەی ئازاد بکرێن و بچنەوە ماڵەکانی خۆتان". 

لەبارەی ئەوەی پێیان وتراوە پێویستە دوو هەفتە لەژێر چاودێریدا بن یاخود نا، عیسا مستەفا وتی، " شتێکی وایان بە ئێمە نەوتووە و تەنها وتوویانە ئەگەر پشکنینەکانتان پاک دەرچوو ئێوە ئازاد دەکرێن و لەم شوێنەدا نامێننەوەو مانەوەتان لەسەر هەندێ ڕێکار وەستاوە". 




PM:07:10:28/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 20320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو