مەسعود حەیدەر: ھەرکەس خۆی بە کورد بزانێت نابێت لە ئیجماعی کوردو چەتری مەرجەعیەتی بارزانی دەربچێت


وێستگە نیوز-
لە ڕێی چەند لێدوانێكەوە بەرپرسانی  پارتی دیموكراتی كوردستان رەخنە ئاراستەی عەبدولواحید و نەوەی نوێ دەكەن، لەکاتێکدا دەنگۆی بەشداریکردنی ئەو جوڵانەوەیە لەحکومەت لەئارادایە، بەڵا نەوەی نوێ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کەهەڵوێستیان لەوبارەیەوە ڕوونە.

مەسعود حەیدەر راوێژكاری مەسعود بارزانی لە نوسوینێكدا سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت "ھەرکەسێک خۆی بە کورد بزانێت و پاک و نیشتمانپەروەربێت نابێت لە ئیجماعی کوردی و چەتری مەرجەعیەتی کورد دەربچێت کە ئەویش سەرۆک مەسعود بارزانییە".

راوێژكارەكەی بارزانی نوسویەتی "کەسێک بۆ پۆست ئەمە بکات ھیچ جیاوازی نابێت لەگەڵ تەھا جەزراوی و تەها محێدینى بەعس. پێکھاتەیەکی دیاری عێراق بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان و بە ئەجیندای دەرەکی گەلانی عێراق بەرەو حوکمی تاکڕەوی و ھەڵدێر دەبەن و قەوارەی دەستووری ھەرێم یەکێک دەبێت لە ئامانجەکانیان لە قۆناغی داھاتوو".

مەسعود حەیدەر پێشی وایە ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق رووئەدات پێویستە بە یەکھەڵوێستی رووبەڕووی ببینەوەو ھەر کوردێک لە بەغداد لە دەرەوەی بازنەی نیشتمانی کوردیی جموجۆڵی سیاسی بکات خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکات لە خاک و گەلی کوردستان و ھەموو قوربانێکانی لە سەد ساڵی رابردوو.

هاوكات لای خۆیەوە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە گفتوگۆی لەگەڵ بەشی كوردی رادیۆی دەنگی ئەمریكا بە هەمان شێوە رایگەیاند "هەرکوردێک لەکابینەکەی عەلاوی ببێتە وەزیر بێ ئەوەی لایەنە کوردییەکان و حکومەتی هەرێم کاندیدی بکات ره‌نگه‌ خراپتر له‌ (تەها محێدین) سه‌یری بكه‌ین".

سەبارەت بەو بابەتە وێستگە پەیوەندی كرد بە چەند بەرپرسێكی نەوەی نوێوە، ئەوان رایانگەیاند كە "تویتێكی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید مەوقیفی نەوەی نوێ لەو بارەوە روونە كردۆتە كە ئاماژە بەوە دەكات، ئەوان بە هیچ جۆرێك لەگەڵ ئەو دەستوەردانەدا نین كە بۆ حكومەتی نوێی عیراقی دەكرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بەشدار نابین لە حكومەتەكەدا."

محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو لە ئێستادا ناوی بەشێك لە وەزیرەكانی پێشكەش بە پەرلەمان كردووە و چاوەڕێی پەڕلەمانە دەنگ لەسەر كابینەكەی بدەن، بەڵام حزبە كوردستانییەكان رەتیدەكەنەوە بەشداریی لە دانیشتنەكەدا بكەن و ئامادە نین دەنگ بدەن بە حكومەتەكەی بەهۆی ئەوەی بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەوان بە تایبەت یەكێتی و پارتی چەند كەسێكی كوردی دیاری كردووە بۆ كابینەكەی.
 


PM:04:22:27/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 6368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو