پاسپۆرتی نوێی بەریتانی بە ڕەنگێکی تر بڵاودەکرێتەوە



وێستگە نیوز- 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، مانگی داهاتوو پاسپۆرتی نوێی بەریتانی کە ڕەنگی شین دەبێت دەردەکات. 

ماوەی ٤٢ ساڵ بەریتانیا ئەندامی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بوو بەڵام لە کۆتایی مانگی  ١٢ ی ٢٠١٩ دوای سێ ساڵ لە ئەنجامدانی ڕاپرسی بریکست "دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا" کە زۆرینەی دەنگی دەنگدەرانی هێنا، بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا چووە دەرەوە. 

دیزاینی پاسپۆرتە بەریتانیەکە دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە ڕەنگی ترێییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی شین. 

پێشتر بەریتانیا پاسپۆرتی ڕەنگی شینی لە ساڵی ١٩٢١ تا ساڵی ١٩٨٨ بەکاردەهێنا تا ئەوکاتەی لەو ساڵەدا ئەندامانی بازاڕی هاوبەشی ئەوروپا "ناوی پێشووی یەکێتی ئەوروپا" لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە پاسپۆرتی ئەندامانی یەکێتیەکە دیزاین و ڕەنگێکی هاوبەشی هەبێت. 

بریتی باتیل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وتی، " بە گەڕانەوە بۆ دیزاینی شین و ئاڵتونی ، پاسپۆرتەکەمان دیسانەوە دەبێتەوە بە ناسنامەی نیشتیمانیمان، من ناتوانم چاوەڕی بکەم تا ئەو کاتەی بە یەکێک لەوانە گەشتێک ئەنجامدەدەم". 



ش . ر 



AM:10:56:23/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 5320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت