بەشیر حەداد: پێویستە حکومەتی نوێی عیراق نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکان بێت

‌بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق


وێستگە نیوز- 
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی عیراق نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکان بێت. 

بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئەگەر هێزە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتن و پێکهاتەی حکومەت پێشکەش بکرێت، پەرلەمان ئامادەیە لە دانیشتنێکی نائاساییدا متمانە بە حکومەتی نوێی عێراق ببەخشێت".

بەشیر حەداد جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی، پێویست دەکات حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکان بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی داهاتوی عێراق پێویست دەکات لە ماوەی دەستوری خۆیدا پێکبهێندرێت و کار لەسەر داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بکات، هەروەها روبەربونەوەی گەندەڵی بکاتە ئەرکی لەپێشینەی خۆی.

لەبارەی دۆخی ئاسایش و خزمەتگوزاری عیراقەوە دەڵێت "داوا لە حکومەتی نوێی عێراق دەکەن هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ سەرجەم پارێزگاکان زیاتر بکات".


PM:05:01:18/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 1688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت