سەرەڕای هۆشدارییەكانی ترەمپ ئەنجومەنی پیران دەسەڵاتەكانی سنورداركرد


وێستگە نیوز-
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بە زۆرینەی دەنگ دەسەڵاتەكانی دۆناڵد ترەمپی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران سنورداركرد، ئەوەش لە كاتێكدا پێشتر سەرۆكی ئەمریكا هۆشداریی دابوو لە مەترسییەكانی ئەو بڕیارە.

ئەنجومەنی پیران بە كۆی 51 دەنگی بەڵێ بڕیاریدا لەسەر سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی دۆناڵد ترپەمپ بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، بەرامبەر بە 44 دەنگی دژ.

بڕیارەكەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بە سەركۆنەكردنی سەرۆكی ئەمریكا دادەنرێت لەسەر كوشتنی قاسم سلێمانی بە بێ گەڕانەوە بۆ كۆنگرێس.

هەرچەندە زۆرینەی ئەنجومەنی پیران سەر بە كۆمارییەكانن، بەڵام لەم پڕۆژەیەدا ژمارەیەك ئەندام لەو پارتە پشتیوانی پڕۆژەكەیان كرد لە دژی سەرۆكی ئەمریكا.

بە پێی بڕیارەكە دەبێت سەرۆكی ئەمریكا ئەو هێزانە پاشەكشە پێبكات كە ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەربازی لە دژی ئێران، تا ئەو كاتەی كۆنگرێس بڕیارێكی لەو جۆرە دەدات یان رەزامەندی نیشان بدات.

لای خۆیەوە ترەمپ پێشتر رەخنەی لە پڕۆژە بڕیارەكە گرت و رایگەیاند كە ئاماژەیەكی خراپە و وا دەكات كە ئێران بێ ترس جوڵە بكات، هەروەها پەیمانیدا كە مافی ڤیتۆ لە دژی بڕیارەكە بەكار بهێنێت.

 
د.ح


AM:08:43:14/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت