جوان زه‌نگه‌نه‌: به‌شه‌ نه‌وتی هاوڵاتییانی كه‌ركوك له‌ بازاڕی ره‌شدا ده‌فرۆشرێته‌وه‌

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئاشكرای ده‌كات كه‌ به‌شێكی زۆری به‌شه‌ نه‌وتی هاوڵاتییانی كه‌ركوك له‌ بازاڕی ره‌شدا ده‌فرۆشرێته‌وه‌ و هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كیش له‌و رووه‌وه‌ نییه‌.


جوان زەنگەنە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە لیستی برایەتی بە وێستگە نیوزی راگەیاند: بەپێی بڕیاری وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هەر خێزانێک لە عیراقدا مانگانە 50 لیتر نەوتی دەدرێتێ، بەڵام ئەوەی کەرکوک کێشە لە ئالیەتی دابەشکردنەکەیدا هەیە، بەشێکی زۆری ئەوانەی نەوتەکە دابەش دەکەن دەستیان لەگەڵ قاچاخچییەکاندا تێکەڵاو کردوەو نیوەی بەشە نەوتەکەی هاوڵاتییانی کەرکوک بەو قاچاخچیانە دەفرۆشنەوە، تا ئەوانیش لە بازاڕی رەشدا بیفرۆشنەوە.

راشیگەیاند: ئەوکاتەی نەوتەکە دێت بەشێک لە تانکەرەکان و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە بچوکەکان بە بەرمیلەوە دەچنە بەردەم ئەو تانکەرانەی نەوتی سپییان بۆ هاوڵاتییان هێناوە بەشێکی زۆری نەوتەکە دەبەن و ئەوەشی دەمێنێتەوە بەشی نیوەی هاوڵاتییان ناکات، هاوڵاتی هەیە دەڵێت سێ رۆژە یەک دەبە نەوتی وەرنەگرتووە.

جوان زەنگەنە ئاماژەی بەوەشدا: بەهۆی ئەوەی لە کەرکوک ئیدارەیەک نییە لێپرسینەوە لەو گەندەڵیانە بکات، ئەم کارە تا دێت زیاد دەبێت و بەردەوامیشە.

روونیشیکردەوە: بەرپرسانی شارەکە لە پشت ئەو بازرگانی کردنەوەن بە بەشە نەوتی هاوڵاتییانی شارەکەوە، ئەگەرنا کەسێکی ئاسایی ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو دزینی نەوتە.

هــ. ر


PM:09:04:29/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو