عیراق موشەكی ئێس 400ی روسی دەكڕێت


وێستگە نیوز-
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاشكرایكرد كە بەرپرسانی حكومەتی عیراق بڕیاریانداوە سیستمی بەرگری ئێس 400 ی روسی بكڕن و ئێستا تاوتوێی ئەو بابەتە دەكات.


كەریم عەلاوی بۆ ڕۆژنامەی "وڵ سترەیت جۆرناڵ" ڕایگەیاندووە "عیراق پێویستی بە سیتمی بەرگریە ئاسمانییە، ئەمریكییەكان چەندین جارە بێئومێدمان دەكەن، ئامادە نین هاوكار بن بۆ دابینكردنی چەكی پێویست" .

عەلاوی ئاشكراشیكرد كە بەر لە سێ مانگ نوێنەری حكومەتی عیراق سەردانی روسیای كردووە بۆ گفتوگۆ لە بارەی كڕینی "ئێس 400" بەڵام قەیرانە سیاسییەكانی ئەم دواییە و دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی حكومەت گفتوگۆكانی ڕاگرت، ئێستاش دوای ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داواكاری بۆ چوونە دەرەوەی سوپای ئەمریكا، پەرلەمان رێگەی بە حكومەتی نوێ دەدات ئەو سیستمە بەرگریە بكڕێت لە روسیا یان لە هەر وڵاتێكی دیكە.

لەو بارەوە ئاژانسی سپۆتینكی روسی لەسەر زاری محەمەد رەزا  ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاشكرایكردبوو كە عیراق لە ساڵی 2017ەوە هەوڵی كڕینی سیستمی موشەكی بەرگری ئاسمانیداوە بەڵام بەهۆی هەڕەشەی ئەمریكا نەیتوانیوە ئەو هەنگاوە هەڵگرێت. 

كڕینی موشەكی بەرگری ئاسمانی روسی ئەمریكا توڕە دەكات هەروەك ئەو كاردانەوانەی بەرامبەر بە توركیا نواندی، ئەگەریش هەیە ئەر حكومەتی عیراق بە هەنگاوێكی لەو جۆرە بنێت رووبەڕووی سزای ئابوری ئەمریكا ببێتەوە. 

د.ح
 


AM:11:36:13/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت