تۆڕی NBC ی ئەمریکی: ئیسرائیل ڕۆڵی لە کوشتنی قاسم سولەیمانی هەبووەو پرۆسەکەش لە قەتەڕەوە بەڕێوەبراوە



وێستگە نیوز- 
تۆڕی هەواڵی NBC ی ئەمریکی ڕایگەیاند، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بەشداری و هاوکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا کردووەو پرۆسەکەش لە وڵاتی قەتەڕەوە بەڕێوەبراوە. 

تۆڕە ئەمریکیەکە لە ڕاپۆرتێکیدا تیشکی خستووەتە سەر وردەکاری پرۆسەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە لە رۆژی ٣ ی ئەم مانگەدا لە بۆردومانێکی سوپای ئەمریکادا لەسەر رێگای فڕۆکەخانەی بەغداد کرایە ئامانج و کوژرا. 

تۆڕەکە دەڵێت، " ئەو زانیاریانەی لە راپۆرتەکەدا بڵاوکراونەتەوە لە زاری دوو کەسەوە وەرگیراون کە بە وردی ئاگایان لە وردەکاری پرۆسەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بووە". 

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا CIA زانیاری زۆر وردی لەبەردەست بووە لەسەر کاتی فڕینی ئەو فڕۆکەیەی لە دیمەشقەوە بەرە بەغدا قاسم سولەیمانی گەشتی پێکردووە ئەوەش بەو زانیارییە وردانەی لە چەند هەواڵدەرێکی فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە پێیان دراوە. 

راپۆرتەکە نوسیویشیەتی، "زانیارییە هەواڵگریییەکانی ئیسرائیلیش یارمەتیدەربوون لە دڵنیابوونەوە لە وردەکاری گەشتەکەی قاسم سولەیمانی لە دیمەشقەوە بۆ بەغداد". تۆڕی NBC ی هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی هاوکارییەکانی ئیسرائیل لە پرۆسەکەدا نەخستووەتەڕوو. 

ئەو دوو بەرپرسەی لێدوانیان بۆ تۆڕەکە داوە وتوویانە،" چەند رۆژێک پێش کوشتنیشی بەردەوام چاودێری جوڵەکانی قاسم سولەیمانیمان کردووە". 

بەپێی راپۆرتەکەی NBC، " ئەوکاتەی فڕۆکەی ئەیرباس- A320  کە سەر بە کۆمپانیای باڵەکانی شام-سوریا بووە لە فڕۆکەخانەی بەغدا لە بەرەبەیانیەکی زوودا نیشتووەتەوە، ئەو سیخوڕە ئەمریکیانەی لەوێ بوون دڵنیاییانداوە کە قاسم سولەیمانی گەیشتووەتەوە خاکی عیراق". 

راپۆرتەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و لەڕێگەی چەند ناوەندێک لە ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەوە کاتی دابەزینی قاسم سولەیمانیان لە فڕۆکەکە سەیرکردووە لە کاتێکدا کە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری بەرپرسی حەشدی شەعبی پێشوازی لێ کردووە. 

ئاماژە بەوەش کراوە، جینا هاسبڵ، بەڕێوەبەری CIA لە بارەگای دەزگاکەیەوە لە ناوچەی لانگلی لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە ڕاستەوخۆ بینەری پرۆسەکە بووە، بەڵام مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە شوێنێکی دیکەوە بینەر بووە". 

هاوکات پرۆسەکە بەشێوەیەکی راستەخۆ لە کۆشکی سپیش بۆ بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا پەخش کراوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە مارالاگۆ لە فلۆریدا بینەری پرۆسەکە بووە. 

لە ڕاپۆرتەکەدا تۆڕی NBC ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان گواستووەتەوە بە سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە هەریەکێکیان چوار مووشەکی " هیلفایر" هەڵگرتووە تێکشکێنراون. 

لە کۆتاییشدا راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، " پرۆسەی کوشتنەکە لە بارەگای فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە وڵاتی قەتەڕ بەڕێوەبراوە". 


ش . ر 


PM:03:08:12/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 5208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت