ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا دۆخی عیراقی شڵەقاندووە

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ راپۆرتی دڵشاد ئه‌نوه‌ر

بۆردومانی شەوی رابردووی بنکەکانی ئەمریکا لە عیراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، بۆچوونی جیاوازی دروستکردووە، بەشێک لە چاودێران بەسەرەتای ململانێی نوێ و بەشێکی تریش بەدەستپێکی هێوربوونەوەی دۆخەکە لێیدەڕوانن.

شەوی رابردوو، ئێران بنکەی عەینولئەسەدی لەپارێزگای ئەنبار و چەند جێگەکەی تری لەهەرێمی کوردستان بۆمب بارانکرد، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەی کوژرانی قاسمی سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەلایەن ئەمریکاوە.

بۆمب بارانەکەی شەوی رابردووی ئێران، ئەو بۆچوونەی لای بەشێک لەچاودێران دروستکردووە، کە دەستپێکی هێورکردنەوەی بارگرژیەکانی هەفتەی رابردووی نێوان ئەمریکاو ئەو وڵاتە بێت، بەو پێیەی ئێران، لایەنگرانی خۆی پێ رازیکرد و ئەمریکاش زیانی بەرنەکەوت.

دکتۆر سەردار عەزیز، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی، پێیوایە خۆشحاڵبوونی ئێرانیەکان بە هێرشەکە و بێدەنگی ئەمریکاییەکان، بەرەو ئەوە دەڕوات کە ئەو دوو وڵاتە هیچکامیان هەرلە سەرەتاوە شەڕیان نەویستبێت.

ناوبراو بەدەنگی ئەمریکای وت: "ئێرانیەکان شانازی بەبۆردومانەکەوە دەکەن و ئەمریکاش لێی بێدەنگە، ئەمە بەرەو سەقامگیربوونی دۆخەکە دەڕوات".

فەرماندە سەربازیەکانی ئێران پێشتر هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕی گەورەیان لەدژی ئەمریکا دەکرد، بەرپرسانی ئەمریکاش جەختیان لەسەر وەڵامدانەوە دەکردەوە، بۆیە ناوچەکە تەواو ئاڵۆز بووبوو.

هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران کە زیانی گەورەی بە ئەمریکیەکان نەگەیاند، گومانی ئەوەی دروستکردووە، کە ئێرانیەکان خواستی گەورەکردنەوەی بارگرژیەکانی نەبووبێت، بەڵکو ویستبێتی خۆی لەدۆخی ئیحراجی قوتار بکات.

دکتۆر سەردار عەزیز، دەڵێت: "ئێران و ئەمریکا لەڕووی هێز و چەکەوە بەراورد ناکرێن، ئەمریکا خاوەنی پێشکەوتووترین چەکە و ئێرانیش لەژێر ئابڵوقەدایە و نەیتوانیووە پێشبکەوێت".

ئەمریکیەکان هەڕەشەی گورز وەشاندنیان لەچەندین ناوچەی ستراتیژی ناو ئێران کرد، لەکاتێکدا هەموو هەوڵەکانی پێشتری ئێران بۆ گواستنەوەی شەڕبووە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، بەم هۆیەوە پشتیوانی چەندین گروپی میلیشیا دەکات.

دکتۆر سەردار دەڵێت: "شەڕی دەوڵەت بۆ ئەمریکا ئاسانە وەک لە گروپ، بۆیە ئێرانیش نەیویست شەڕەکە بباتە ناو خاکەکەی".

لەکاتێکدا پێشتر ئێرانیەکان هەڕەشەی بەئامانج کردنی ئیسرائیل و کەنداو و چەندین وڵاتی تریان دەکرد، بەڵام گورزە سەربازیەکانی ئەو وڵاتە تەنها عیراقی گرتەوە.

دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، پێیوایە عیراق حکومەتی تیادا نیە و سیادەی نەماوە، بۆیە ئێرانیەکان ئەو وڵاتەیان بۆ کردەی سەربازی هەڵبژاردووە.

بەئامانج کردنی هەولێر لەلایەن ئێرانیەکانەوە بۆ بەرپرسانی هەرێم مایەی نیگەرانیە، بەو پێیەی ئەوان هەوڵی پاراستنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێراندا داوە و بەشداری پرسەی سولەیمانیشیان کردووە.

بەشێک لەو چاودێران، وایلێکدەدەنەوە بەئامانج کردنی هەولێر پەیامی سیاسی ئێرانی لە پشتەوە بێت، بەو پێیەی نوێنەرانی کورد لەپەرلەمانی عیراق پشتگیری کوتلە شیعیەکانیان بۆ دەرکردنی بریاری دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا نەکردووە.

بەڵام دکتۆر سەردار، دەڵێت: "مادام زۆربەی بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێم و ناوچە سونیەکانن، ئەو گریمانەیە لاواز دەبێت کە بۆردومانەکەی هەولێر پەیامی تێدا بێت".

سه‌رچاوه‌: VOA


PM:08:36:08/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 3408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو