رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دوای پەسەند کردنی بودجە 2020 جێبەجێ دەبێت

‌جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان بەغداو هەرێم دەکەوێتە دوای پەسەندکردنی بودجە

وێستگە نیوز ـ هه‌ستیار

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاشكرای ده‌كات، كه‌ دوای په‌سه‌ند كردنی بودجه‌ی گشتی 2020، رێككه‌وتنی نێوان به‌غداو هه‌رێم له‌ راده‌ستكردنی نه‌وت و ره‌وانه‌كردنی بودجه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.


شیروان میرزا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ بواری نه‌وت و دارایی په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌سه‌ند كردنی بودجه‌ی 2020ی گشتی عیراقه‌وه‌، ئه‌ویش تا ئێستا حكومه‌ت ره‌وانه‌ی نه‌كردووه‌.

میرزا وتیشی: "به‌و پێیه‌ی زۆربه‌ی بڕگه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ناو پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌دا جێگیركراون، تا له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند نه‌كرێت، هه‌رێمی كوردستان به‌رچاوی روون نابێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكات".

به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، حكومه‌تی هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌میل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ ده‌كات، له‌به‌رانبه‌ردا سه‌دا 12ی بودجه‌ی عیراقی به‌ ده‌ست ده‌گات.

بودجه‌ی ساڵی 2020ی عیراق به‌ نزیكه‌ی 162 تریلیۆن دیناری عیراقی خه‌مڵێنراوه‌ وه‌ك خه‌رجی گشتی و داهاتیش گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌رووی 114 تریلیۆن دینار. ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كورتهێنانی بودجه‌ی ساڵی داهاتوو ده‌گاته‌ 48 ترلیۆن دینار.

دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ ژێر فشاری خۆپیشانده‌ران، له‌ ئێستادا حكومه‌ت توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ بودجه‌ی 2020 په‌سه‌ند بكات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكات.

لە لایەکی دیکەوە خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی تەحریر، هه‌موو كاندیدێكی حزبی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، هاوكات پۆسته‌ر و لافیته‌ی تایبه‌تیان به‌ كاندیدانی خۆیان بۆ پۆسته‌كه‌ هه‌ڵواسیوه‌.

وه‌ك له‌وێنه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، یه‌كێك له‌و كاندیدانه‌ی كه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌، فه‌ریق عه‌بدولوه‌هاب ساعدییه‌، كه‌ فه‌رمانده‌ی هێزی دژه‌ تیرۆری عیراقی بوو و له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی دژی داعشدا رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو، ئه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ی له‌وانی دیكه‌ جیاكردبۆوه‌، جیاوازی نه‌كردن بوو له‌نێوان پێكهاته‌كان، ئه‌وه‌ش وایكرد له‌لایه‌ن سووننه‌كانه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها قه‌بووڵكراو، به‌ڵكو خۆشه‌ویست بێت.

یه‌كێكی دیكه‌، دادوه‌ر ره‌حیم عگێلییه‌، كه‌ پێشتر له‌ پۆستی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی بووه‌.

سێیه‌م كاندیدیش د. سینان ئه‌لشه‌بیبی-یه‌، كه‌ ئابووریناسێكی دیاره‌ و پێشتر له‌ ساڵی 2003 تا 2012 پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عیراقی بوو.

سبەینێ پێنجشه‌ممه‌ 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، دوا رۆژی ماوه‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی به‌رده‌م سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بۆ پێكهینانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق راسپێرێت، به‌و پێیه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، ده‌ستی له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌ و ئێستا سه‌رۆكی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ره‌.


PM:06:29:18/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 3712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو