دیداری هه‌ولێر_ نه‌جه‌ف هه‌شت راسپارده‌ی ده‌ركرد

‌پارێزگاری هەولێر کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەی..

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەولێر ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دیداری  هەولێر - نەجەفی سازکرد، تیایدا بە بەشداریی ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی هەردوو پێکهاتەی کورد و شیعە باسی ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوانیان و پەرەپێدان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان کرد و دیدارەکەش بە هەشت راسپاردە کۆتاییهات.


د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر وتی: "ئێمە کە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە شارەکانی عیراق تا ئێستاش بەردەوامە کە داوای چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و چارەسەری بێکاری و باشترکردنی پرۆسەی سیاسی دەکەن، بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی سەقامگیری و پەرەپێدان".

وتیشی: "ئەو داواکاریانەی خۆپیشاندەران هەیانە، دەبێت بەپێی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان وەڵامیان بدرێتەوە، بەدڵگرانی و خەمبارییەوەش لە بەردەوامی ئەو تووندوتیژیانە و کردەی کوشتن دەڕوانین، کە تێیدا خۆپیشاندەرانی سڤیل و ئاشتیخواز و هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج. ئەو هەلە دەقۆزمەوە بۆئەوەی سەرەخۆشی خۆمان لە دڵەوە بۆ کەسوکاری ئەو قوربانیانە دەرببڕین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین".
 
پارێزگاری هەولێر هەروەها ئاماژەی به‌وه‌شدا: سازکردنی ئەو دیدارە دەبێتە پێکهێنەری بەردی بنچینەیی بۆ بونیادنانی تێڕوانینی هاوبەش لەبارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەری لەسەر بونیادنانی دەوڵەتی ئیتحادی و فیدراڵی بەپێی بنەمای یەکسانی هاوڵاتیبوون و دیموکراتی دەبێت، بە ئامانجی هەستانەوەی واقیعی کۆمەڵگە بۆ ئاستی هەرە بەهاو پەیوەستبوون بە یەک، بەرژەوەندی نیشتمانییش دەبێتە پێکهێنەری بنچینەی گرێبەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە دەبێت بەپێی چارەسەری سیاسی بێت و قابیلی جێبەجێکردن بێت لە رێگەی دەستپێشخەری و بۆچوونی جۆری چارەسەری کێشە هەنووکەییەکان بکات و ئاسەوارەکانی رابردووش رەشبکاتەوە و پەرەی پێبدات بۆ بونیادنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی یەکگرتوو و تەواوکار لە داهاتوودا.
 
دیدارەکە لە کۆتاییدا هەشت راسپاردەی دەرکرد یەکێک لە خاڵەکانی راسپاردەکەدا باس لەوە کراوە، دیداری دووەمی هەولێر - نەجەف لە "شاری نەجەفی پیرۆز" بەڕێوەدەچێت، بەڵام وادەی دووەم دیدار دیارینەکراوە.
 
لە راسپاردەکاندا باس لە چالاککردنی پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی، دارایی و بانکی لە چوارچێوەی کەرتی تایبەت کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوو لایەن دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونی وانەبێژانی بوارەکانی ئایین بڕەخسێنن.
 
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە دەرفەت بە قوتابیانی هەرێمی کوردستان بدرێت بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی پارێزگاکانی عێراق بخوێنن و هەمان دەرفەتیش بۆ قوتابیانی پارێزگاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێت.
 
هەشت راسپاردەی دیدارەکە بریتین لە:
 
1- هاندانی پارت و لایەنە سیاسییەکان کە بەردەوامبن لە پشتیوانیکردنی دیالۆگ لەپێناو عێراقی دیموکراسی و فیدراڵی راستەقینە.
 
2- نابێت دیالۆگی هەردوو پێکهاتەی (شیعی - کوردی) وەک بابەتێکی سیاسی سەیربکرێت، بەڵکو دەبێت رۆڵی گەورە بدرێت بە پێکهاتەکانی دیکە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تاک و دامەزراوە ئاینییەکان.
 
3- ئەنجامدانی دیداری دووەمی هەولێر - نەجەف لە شاری نەجەفی پیرۆز لە چوارچێوەیەکی فراوانتر.
 
4- رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سەردانی دوولایەنە لەنێوان ناوەندەکانی توێژینەوە و دەستەبژێرەکان.
 
5- پێدانی دەرفەت بۆ زیاترکردنی ئاڵوگۆڕی بوارەکانی رۆشنبیریی، میدیایی و وەرزشی.
 
6- چالاککردنی پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی، دارایی و بانکی لە چوارچێوەی کەرتی تایبەت.
 
7- دەرفەتدان بە قوتابیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی پارێزگاکانی عێراق بخوێنن، هەمان دەرفەتیش بۆ قوتابیانی پارێزگاکانی عێراق بڕەخسێت تاوەکو لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن، هەروەها تەرخانکردنی زەمالەی تایبەت بە خوێندنی زمانی کوردی بۆ ئەو مەبەستە.
 
8- رەخساندنی دەرفەتی دوولایەن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونی وانەبێژانی بوارەکانی ئایینی.
 
ئەمڕۆ لە هەولێر ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دیداری نەجەف - هەولێر سازکرد کە تیایدا بە بەشداری ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی هەردوو پێکهاتە باسی ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و شیعە و پەرەپێدان و گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کرا.

هــ. ر


PM:08:56:15/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو