گۆڤارێکی فەڕەنسی بە وێنەیەک گاڵتە بە سەرکەوتنی بۆریس جۆنسن دەکات



وێستگە نیوز- 

گۆڤاری لیبراسیۆن- فەڕەنسی ئەمڕۆ شەممە لەسەر پەڕەی یەکەمی گۆڤارەکەی ، وێنەیەکی "گاڵتەئامێزی" بۆریس جۆنسن-ی سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بریتانیای لە کاردانەوەی سەرکەوتنی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بریتانیادا بڵاوکردەوە . 

لەسەر پەڕەی یەکەمی گۆڤارەکە  بە وێنەیەک سەری بۆریس جۆنسن-ی خستووەتە سەر لەشی شاژنە ئیلیزابێسی بریتانیا. 

گۆڤارەکە لە سەر وێنەکە و لەبارەی سەرکەوتنی بەرچاوی پارتی پارێزگاران بە سەرۆکایەتی جۆنسن نوسیویەتی، " دوای سەرکەوتنی بەرفراوانی پارتی پارێزگاران، بریتانیەکان دەرفەتێکی گەورەیان بە جۆنسن بەخشی بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا". 

لەلایەکی دیکەشەوە سەرکەوتنی جۆنسن و پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکەی بریتانیا بووەتە هەواڵی پەڕەی یەکەمی زۆرێک لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی جیهان و مانشێتی جۆراوجۆیان لەسەر داناوە. 

رۆژنامەی بیڵد-ی ئەڵمانی بە مانشێتێکی گەورە نوسیویەتی، " سەرکەوتنێتی گەورە بۆ بریکست بۆریس"، هاوکات رۆژنامەی ریپاپلیکا-ی ئیتاڵی چەند راپۆرتێکی بە ناونیشانی " خوات لەگەڵ ئەوروپا " بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەی بەوە کردووە ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی پارتی پارێزگارانی بریتانیایە لە ساڵی ١٩٨٧ وە ، رۆژنامەیەکی دیکەش  راپۆرتێکی بە مانشێتی " باهۆزەکەی جۆنسن" بڵاوکردووەتەوە، گۆڤارێکی دیکەش با مانشێتێکی گەورە نوسیویەتی " بوومەلەرزەی چوونە دەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا". 

بەگوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژارانی پەرلەمانی بەریتانیا، پارتەکەی بۆریس جۆنسن، پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە مسۆگەرکردنی 368 کورسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بۆریس جۆنسن بووەوە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی هەڵبژێردرایەوە.

رۆژی پێنجشەممە 12ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە بەریتانیا بەڕێووەچوو، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان كه‌ پارتی پارێزگاران له‌ كۆی 650 كورسی 368 كورسی په‌رله‌مانی به‌ریتانیای به‌ ده‌ستهێنا، بۆریس جۆنسن، سەرۆکی پارتی پارێزگاران رایگەیاند، ئەمە راسپاردەیەکی بەهێزە بۆ ئەنجامدانی برێکزت. 

ئەگەر هەڵبژاردنەکە سەرکەوتنێکی گەورەبێت بۆ پارتی پارێزگاران، لەبەرامبەردا شکستێکی گەورەیە بۆ پارتی کار، بەجۆرێک پارتی کار بەتەنیا 191 کورسی بەدەستهێناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر 262 کورسی لە پەرلەمان هەبووە.

ش . ر 



PM:06:08:14/12/2019






ئه‌م بابه‌ته 3856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو